مایک واڵتز بۆ فەلاح حەسەن: سەرۆک بارزانی سیاسەتمەدارێکی سەنگینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانە

ڕاوێژکاری دەستنیشانکراوی ئاسایشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کابینەکەی دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: سەرۆک بارزانی سیاسەتمەدارێکی سەنگینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانە.

پێنجشەممە 5ـی کانوونی یەکەمی 2024، نوێنەری سەرۆک بارزانی، فەلاح حەسەن لە میانی کۆڕبەندی یەکێتی دیموکراتەکانی جیهان لە واشنتن دی سی، لەگەڵ مایک واڵتز، راوێژکاری هەڵبژێردراوی ئاسایشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا  لە کابینەکەی دۆناڵد ترەمپ کۆبووەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا، هەردوولا باسیان لە دواین رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێگەی گرنگی سەرۆک بارزانی کرد لە ناوچەکەدا.

نوێنەری سەرۆک بارزانی، فەلاح حەسەن بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: واڵتز لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە کە سەرۆک بارزانی سیاسەتمەدارێکی سەنگینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئاماژەی بەوە کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی گرنگی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان بینیووە لەگەڵ گەلی ئەمەریکا و حکوومەتەکەی و گوتی: پشتگیری برا کوردەکانمان لەبیرناکەین ، بەتایبەتی کە شان بەشانی یەکتر شەڕی لەناوبردنی تیرۆرمان کردووە لە عیراق ،گوتیشی: ئێمە پشتیوانی لە دۆستەکانی خۆمان وەکو گەلی هەرێمی کوردستان دەکەین و لەبیریان ناکەین.

هاوکات پیرۆزبایی هەڵبژاردنی  پەرلەمانی کوردستانی کرد و دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کرد، ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندییان لەگەڵ سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی هەیە.

 
 
 
 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment