سەرۆکی جەهەپە: کاتی هاتووە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکەین
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری تورکیا (جەهەپە) پەیامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ڕاگەیاند و ڕەخنەی توندیشی لە سیاسەتی ئابووری وڵاتەکەی گرت.
ئۆزەل لە سەردانێکیدا بۆ شاری بیلجیک لە نێو بازاڕی شارەکە ڕەخنەی توندی لە سیاسەتی ئابووری وڵاتەکەی گرت و ڕایگەیاند، سەرەتای ئەم ساڵ نرخی پیاڵەیەک چای پێنج لیرە بوو، کەچی ئێستا بووەتە 10 لیرە و زۆربەی پێداویستییەکانی دیکەی ڕۆژانە نرخیان بەرز بووەتەوە، بە پێچەوانەشەوە دەستهەقی کار کەمی کردووە.
سەرۆکی جەهەپە قسەکانی کردە دەرفەتێک بۆ گەیاندنی پەیامێکی سیاسیی و گوتی:"ئێستا کاتی ئەوەیە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکەین، چونکە جەهەپە داکۆکی لە داواکاریی هاووڵاتییان، خانەنشینان، کرێکار، جووتیار، بازرگانان دەکات و ئەو دەنگەشەی لە هەڵبژاردنی ڕابردوو لە دەستیان دابوو، بە دەستی دەهێنینەوە".
سەرۆکی جەهەپە دەڵێت: ساڵی 2002 کاتێک ئەم حکوومەتەی ئێستا (ڕەجەب تەیب ئەردوغان) هاتە سەر دەسەڵات، بەڵێنی زۆر قەبەی بە خانەنشینان و خەڵکی تورکیادا، کە هەرگیز ڕێگە نەدات هەڵاوسان بەرۆکیان بگرێتەوە، کەچی ئێستا خانەنشینان کەمترین مووچە وەردەگرن و بێکاری و قەیرانی داراییش تەنگیان بە خەڵکی تورکیا هەڵچنیوە.