باسم عەوادی: چارەی سیاسی تاکە ڕێگەی کۆتاییهاتنی ئاڵۆزییەکانی سووریایە

باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق دووپاتی کردەوە، کە بەغدا ئامادەیە بەشداریی ڕێککەوتنی پاراستنی خاک و سەروەریی سووریا بکات. گوتیشی: چارەی سیاسی تاکە ڕێگەی کۆتاییهاتنی ئاڵۆزییەکانی سووریایە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ـی کانوونی یەکەمی 2024، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوز عەرەبی ڕایگەیاند: بەغدا ئامادەیە بەشداریی لە هەر هەوڵێکدا بکات بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە گەرەنتی یەکڕیزی خاکی سووریا بکات و ڕێز لە سەروەریی وڵاتەکە بگرێت.

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، ئاماژەی بەوە دا، هاوکاری نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ناوچەکە هەنگاوێکی جەوهەرییە بۆ گەیشتن بە سەقامگیری.

باسی لەوەش کرد، چارەی سیاسیی تاکە ڕێگەی کۆتاییهاتنی ئاڵۆزییەکانی سووریایە، هاوکات جەختی لە چارەکردنی کێشە و قەیرانەکانی سووریا کردەوە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ململانێکان و پێکدادانەکان لە داهاتوودا دووبارە نەبێتەوە.

هەر لە سەرەتای دروستبوونی ململانێکان لە سووریا، عێراق تیشکی خستووەتە سەر پاراستنی سنوورەکانی لەگەڵ وڵاتەکە بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.

 
Fly Erbil Advertisment