پێنتاگۆن: لە کاری هاوبەش لەگەڵ هەسەدە بۆ تێکشکاندنی داعش بەردەوام دەبین
وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا"پێنتاگۆن" ڕایدەگەیەنێت: هێزەکانیان پشتیوانی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)ـی نەکردووە بۆ هێرشکردنە سەر سوپای سووریا لە ڕۆژهەڵاتی فورات، دەشڵێت: لە کاری هاوبەش لەگەڵ (هەسەدە) بەردەوام دەبین بۆ تێکشکاندنی چەکدارانی داعش.
پێنجشەممە 5ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا"پێنتاگۆن" بڵاوی کردەوە، هێزەکانیان پشتیوانی هەسەدەی نەکردووە لە هێرش بۆ سەر سوپای سووریا لە ڕۆژهەڵاتی فورات، دەشڵێت: لە کاری هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات بەردەوام دەبین بۆ تێکشکاندنی چەکدارانی داعش، چونکە هێزەکانی ئەمەریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سووریا جێگیربوون.
پێنتاگۆن ئاماژەی بەوە کردووە کە، ئاگەداری کاریگەرییە ناسەقامگیرییەکانی ڕووداوەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریان و داوای داوای کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان دەکەن.
ڕاشیگەیاند: هیچ پەیوەندییەکیان بە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی سووریاوە نییە و هیچ چالاکییەکیان لەو بارەوە نابێت، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، هیچ پلانێک نییە بۆ پەیوەندی لەگەڵ چەکدارانی تەحریرولشام، چونکە لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکان تۆمارکراون.