ڕووسیا: لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 300 چەکدار لە سووریا کوژراون
جێگری سەرۆکی ناوەندی بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا لە سووریا ڕایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا نزیکەی 300 چەکدار کوژراون.
ئۆلێگ ئیگناسیۆک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "هێزەکانی ئاسمانی ڕووسیا بەردەوامن لە پشتیوانیکردنی سوپای سووریا و بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکان لە پارێزگاکانی ئیدلب، حەما و حەلەب".
ئیگناسیۆک ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی ڕووسیا و هێزی ئاسمانی سووریا هێرشی مووشەکی و ئاسمانییان کردە سەر کۆبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان و حەشارگەکانیان.
ئەو بەرپرسەی ڕووسیا ڕاشیگەیاند "نزیکەی 300 چەکدار کوژراون، هەروەها 9 سیستەمی هەڵانی مووشەکی جۆراوجۆر، 7 تانک، 28 ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و 14 ئۆتۆمبێلی سەربازی تێکشکێنران، ئەمە جگە لە ناوەندێکی فەرماندەیی و کۆگایەکی تەقەمەنی و کۆگایەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان".
دوێنێ پینجشەممە، فەرماندەیی گشتیی سوپا و هێزە چەکدارەکانی سووریا لە بەیاننامەیەکدا کشانەوەی خۆیان لە حەما ڕاگەیاند و گوتی "بەهۆی چڕبوونەوەی شەڕی نێوان سەربازەکانمان و گرووپە تیرۆریستییەکان و بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوان لە نێو ڕیزەکانی سوپای سووریا، ئەم گرووپانە توانیان بچنە ناو شاری حەما، سەرەڕای ئەوەی زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە."
ڕاشیگەیاندبوو "بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سڤیلی شاری حەما، ئەو یەکە سەربازییانەی لەوێ جێگیر کرابوون، گواسترانەوە بۆ دەرەوەی شار".