بەشار ئەسەد داوای هاوکاریی سەربازیی لە عێراق دەکات
بەهۆی داواکارییەکانی ئەسەد ناکۆکی کەوتووەتە نێو هێزە شیعەکانی عێراق
ڕۆژنامەیەک ئاشکرای کردووە، عێراق داواکارییەکی سووریای پێگەیشتووە بۆ دەستێوەردانی سەربازی یان ناردنی چەکی تایبەت بۆ سووریا بۆ ڕاگرتنی پێشڕەوی گرووپە چەکدارەکان، ئەمەش لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتدا گفتوگۆی لەسەر کراوە و ناکۆکی سیاسی لێکەوتووەتەوە.
ڕۆژنامەی 'عەرەبی جەدید' لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگاداری عێراقی بڵاویکردەوە، بەشار ئەسەد سەرۆکی ڕژێمی سووریا داوای پاڵپشتی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا هاوکاری بکات، کە بەردەوامن لە کۆنترۆڵکردنی شار و شارۆچکەکانی ئەو وڵاتە.
یەکێک لە سەرچاوەکان کە بەرپرس بووە لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشکرای کردووە، بەشار ئەسەد داوای پاڵپشتی راستەوخۆی لە عێراق کردووە، بۆ ئەوەی شارەکانی دیکە نەکەونە دەست چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن.
ئاماژەی بەوەش کردووە، داواکەی بەشار ئەسەد لەکاتی پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی نێوان خۆی سوودانی بووە کە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو گفتوگۆیان کرد.
بە گوتەی بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، "ئەسەد داوای پاڵپشتیی سەربازیی ڕاستەوخۆی لە حکوومەتی عێراق کردووە، بەبێ ئەوەی جۆری پاڵپشتییە دیاری بکات، بەڵام ئەوەی لێی تێگەیشتووە ئەوە بووە کە داوای چەکێکی دیاریکراوی کردووە، بۆ ڕاگرتنی پێشڕەوییەکانی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن" .
سەرچاوەیەکی دیکە کە ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانە ڕایگەیاندووە، "ناکۆکییەکی توند لەنێوان سەرکردە سیاسییە شیعەکاندا هەیە سەبارەت بە پاڵپشتیکردنی ڕژێمی سووریا، دەشڵێت: باڵێکی شیعەکان فشار دەکات بۆ پشتیوانیکردن لە ڕژێمی سووریا و باڵێکی دیکەش پێی وایە پاڵپشتیکردنی سووریا ڕەنگە عێراق ڕووبەرووی سزا و هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکان بکاتەوە".
ئەوەشی ئاشکرا کرد، "حکوومەت و هێزە شیعەکانی دەسەڵاتدار لە عێراق، بڕیارەکەی بۆ ئەو گرووپە چەکدارانە جێهێشتووە کە ئارەزوو دەکەن بچن بۆ شەڕ و پشتیوانیکردنی ڕژێمی سووریا".