ڕووسیا داوای لە هاووڵاتییانی دەکات سووریا جێبهێڵن

چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەرەو دیمەشق دەچن

هێرشی گرووپە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا
هێرشی گرووپە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا

پێشڕەویی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەرەو دیمەشق دەچێت و باڵیۆزخانەی ڕووسیاش لە سووریا داوای لە هاووڵاتییانی ڕووسی دەکات دیمەشق ناوچەکانی دیکەی سووریا جێبهێڵن و بگەڕێنەوە ڕووسیا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی شڵەژان و تێکچوونی دۆخی سیاسی و سەربازی  لە سووریا، باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە دیمەشق داوا لە سەرجەم ئەو هاووڵاتییە ڕووسیانە دەکات لە سووریا دەژین و نیشتەجێ بوون، ئەگەر ئارەزووی گەڕانەوەیان بۆ ڕووسیا هەیە، ئەوە دەرفەت ڕەخسێندراوە کە بەگەشتی بازرگانی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی دیمەشق بەرەو مۆسکۆ بگەڕێنەوە.

دوای هێرشی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و کۆنترۆڵکردنی پارێزگاکانی حەلەب و حەما و کشانەوەی سوپای ڕژێمی سووریا بەبێ بەرگری، ئێستا پێشڕەوییەکانی چەکدارانی تەحریرولشام گەیشتوونەتە شاری حومس کە دەکەوێتە باکووری دیمەشق و بە گوێرەی پێشبینییەکان، ئەگەر هەیە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن حومسیش کۆنترۆڵ بکەن.