لە بەرلین ڕەوەندی کوردستانی هەرچوار پارچە کۆ دەبنەوە
کوردستان24 سبەینێ ڕووماڵی دووەم کۆنگرەی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی دەکات
کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی سبەینێ شەممە 7ی کانوونی یەکەمی 2024، دووەمین کۆنگرەی لە بەرلین لەژێر ناونیشانی (یەکگرتنی ئێمە سەرکەوتنی ئێمەیە) ساز دەکات و کوردستان24 ڕووماڵی کۆنگرەکە دەکات.
دووەم کۆنگرەی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت و ڕێکخراوەکان، سەنتەرە کوردییەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان بەشداری دەکەن.
بارزان حەسەن نێردەی کوردستان24 کە ڕووماڵی چالاکییەکانی کۆنگرەکە دەکات، لە بەرلینەوە ڕایگەیاند، بەشداربووانی دووەمین کۆنگرەی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی دەیانەوێت خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی کار و بەرنامەکانی سێ ساڵی ڕابردوو بکەن و خۆیان ئامادە بکەن و پلان بۆ سێ ساڵی داهاتوو ئامادە بکەن.
هەروا ئاماژەیدا، بڕیارە لەم کۆنگرەیەدا کەسایەتی تازە لە پۆست و کۆمیتەکان دابنرێن و بە بەرگێکی تازەوە کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە ئەورووپا درێژە بەکار و چالاکییەکانی بدات.
هەروەها شیفا بارزانی نوێنەری سەرۆک بارزانی کە سەرپەرشتیی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانییە لە ئەورووپا بەشداری کۆنگرەکە دەکات و دوو ڕۆژ، شەممە و یەکشەممە بەردەوام دەبێت.
ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی، ڕێکخراوێکە لەڕووی سیاسیی و ئایینیەوە بێلایەنە، کاروچالاکییەکانی لەسەر بنەمای دیموکراسی، ئاشتی و ئازادی ڕادەربڕین و پێکەوە ژیان و یەکسانییە؛ هەروەها دژی هەموو جۆرە تووندوتیژی و دەمارگیری و نەتەوەپەرەستییەکە، هاوکات بووەتە چەتری کۆکەرەوەی هەموو تاک، کۆمەڵە، ڕێکخراو، مەڵبەند، فیدراسیۆن و پێکهاتەیێکی دیکەی ڕەوەندی کوردستانی لە تاراوگە، ئەوانەی باوەڕیان بە خاک و نەتەوەو ئاڵای کوردستان هەیە و بووەتە پردێکی پتەوی پەیوەندی لەنێوان دیاسپۆڕای کوردستانی و وڵاتی دایک ( کوردستان ) و بڕوای تەواوی بە مافی چارەی خۆنووسیی نەتەوەی کورد هەیە .