گوتاربێژانی مزگەوتەکانی سووریا داوا لە هاووڵاتییان دەکەن نەترسن و وڵاتەکە جێنەهێڵن
بەهۆی پێشڕەوی گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا و داگییکردنی چەند پارێزگایەکی وڵاتەکە، قەلەقی و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکی دیمەشق دروست بووە و گوتاربێژانی مزگەوتەکانیش داوا لە خەڵکەکە دەکەن نەترسن و دانبەخۆیان دابگرن.
ئەمڕۆ هەینی 6ـی کانوونی یەکەمی 2024، گوتاربێژانی مزگەوتەکانی سووریا، لە گوتاری هەینیدا داوایان لە هاووڵاتییان کرد کە خۆڕاگر بن و نەترسن و وڵات جێنەهێڵن، هاوکات داوایان کردووە کە تەنیا پشت بە زانیاریی سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن.
داوای ئەوەش لە هاووڵاتییان کراوە، کە بە یەکگرتوویی لە پشت سوپای سووریاوە بوەستن و بەرگریی لە وڵاتەکە بکن.
باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە دیمەشق، ئەمڕۆ داوای لە سەرجەم ئەو هاووڵاتییە ڕووسانە کرد کە لە سووریا نیشتەجێن، وڵاتەکە جێبهێڵن و بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان. دوێنێ باڵیۆزخانەی چینیش داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد سووریا جێبهێڵن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، کە گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا دوای داگیکردنی پارێزگاکانی حەلەب و حەما، بەرەو داگیکردنی پارێزگای حمس پێشڕەوییان کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بە ڕوونی ڕای خۆی دەربڕی و هیوای خواست، کە گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا بەردەوام بن لە پێشڕەوییەکانیان، کە ئامانجیان داگیرکردنی دیمەشقە.
لای خۆیەوە ئێران پشتڕاستی کردەوە، کە بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی دیمەشق و حکوومەتی سووریا. هاوکات بەرپرسێکی باڵای وڵاتەکە ڕوونی کردەوە، کە تاران ڕاوێژکارانی سەربازیی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی زیاتر ڕەوانەی سووریا دەکات.