ئوردن تاکە دەروازەی بازرگانیی خۆی لەگەڵ سووریا داخست

وەزیری ناوخۆی ئوردن، بەهۆی ڕووداوەکانی سووریا بڕیاری داخستنی دەروازەی سنووری وڵاتەکەی لەگەڵ سووریا دا و ڕایگەیاند، تەنیا ڕێگە بە گەڕانەوەی ئوردنییەکان دەدرێت.
ئەمڕۆ هەینی 6ـی کانوونی یەکەمی 2024، مازن فەرایە، وەزیری ناوخۆی ئوردن، بە ئاژانسی هەواڵی ئوردن (پێترا)ـی ڕاگەیاند: بەهۆی بارودۆخی ئەمنی دەورووبەری دەروازەی سنووریی جابر بەرانبەر دەروازەی نەسیبی سووری داخرا.
ئاماژەی بەوەشکرد، "تەنیا ڕێگە بە گەڕانەوەی خەڵکی ئوردن و بارهەڵگرەکانی ئوردن دەدرێت، هەربۆیە پەڕینەوە بۆ نێو خاکی سووریا بە تەواوەتی قەدەغە دەبێت".
فەرایە پشتڕاستی کردەوە، کە وڵاتەکەی بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی ئێستای سووریا دەکات و گوتی: هێزەکانمان بەردەوامن لە پاراستنی سنوورەکان.
ئوردن کە درێژایی سنووری نێوانی لەگەڵ سووریا 375 کیلۆمەترە، هەرچەندە ژمارەیەک دەروازەی سنووری لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەن، بەڵام لە دوای ڕووداوەکانی ساڵی 2011ـەوە تاوەکوو ئێستا تاکە دەروازەی کارای نێوانیان بۆ گەشتیاری و بازرگانی، دەروازەی سنووری جابر بووە، کە بە درێژایی 13 ساڵی ڕابردوو بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە چەندین جار داخراوە و دووبارە کراوەتەوە.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕەوە زیاتر لە ملیۆنێک و 300 هەزار پەنابەری سووری ڕوویان لە ئوردن کردووە و بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی 680 هەزار پەنابەری سووری لە ئوردن تۆمارکراون.