فوئاد حوسێن: هەموو هێزەکانی عێراق خراونەتە ئامادەباشی

فوئاد حوسێن: ئیدانەی هێرشی گرووپە تیرۆریستییەکان دەکەین و هاوکاری مرۆیی خەڵکی سووریا دەکەین

فوئاد حوسێن
فوئاد حوسێن

کۆنفرانسی هاوبەشی وەزیرانی دەرەوەی عێراق، ئێران و سووریا لە بەغدا دەستی پێکرد و فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، کە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی باسی دۆخە ئاڵۆز و مەترسیدارە کراوە کە لە سووریا دەگوزەرێت و کاریگەری خراپی بۆ سەر عێراق و ناوچەکەش دەبێت.

گوتیشی: چەند کۆبوونەوەیەکی گرنگ کراوە لەگەڵ سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، جیا لەمەش لەنێو خۆماندا گفتوگۆمان کردووە، چونکە هێرشی چەکداری لە بەشێك لە شارەکانی سووریا بەردەوامە و ئێمە لە عێراق سەرکۆنەی ئەو هێرشە چەکدارانەی دەکەین و ئیدانەی هەموو هێرشی تیرۆریستان دەکەین، چونکە عێراق قوربانییەکی دەستی تیرۆرە و عێراق دامەزرێنەی هاوپەیمانێتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بووە.

وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی: ئاسایشی عێراق و سووریا بە یەکەوە بەسراوەتەوە، ئێمە جەخت لە سەر پاراستی ئاسایشی عێراق سنوورەکانی دەکەینەوە، هەروەها عێراق لە هەموو شەڕ و جەنگێک دەپارێزین و دوور دەخەینەوە، بۆ ئەمەش سوپا، حەشدی شەعبی و پێشمەرگەوە لە ئامادە باشیدان بۆ پاراستنی عێراق و سنوورەکانی عێراق.

هەروەها ئامادەیی حکوومەتی عێراقی ڕاگەیاند بۆ گەیاندنی هەموو هاوکارییەکی مرۆییە بە خەڵکی سووریا.

ڕاشیگەیاند، عێراق دەستپێشخەری کۆبوونەوەیەکی وڵاتان دەکات بۆ چارەکردن و هاوکاریکردنی سووریا، بە تایبەت ئەوانەی لە کۆبوونەوەکانی ئەستانە بەشداربوون، چونکە ئاسایش و سەقامگیری سووریا بۆ عێراق گرنگی هەیە.