عەباس عراقچی: دەبێت پشتیوانی لە حکوومەت و سوپای سووریا بکەین
عەباس عراقچی: تیرۆر سنوورەکانی ناناسێت و بەرەو وڵاتان دەپەڕێتەوە
![عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/1733502427_kurdistan24.jpg)
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسە هاوبەشە سێقۆڵییەکەی بەغدا گوتی: ئەبجامی کۆبوونەوەکان سێ پەیام لە خۆ دەگرێت و دەبێت پشتیوانی لە حکوومەت، سوپا و گەلی سووریا بکرێت و بەرەنگاری تیرۆر ببینەوە.
عراقچی گوتیشی: لە کۆبوونەوە سێقۆڵییەکانی ئێران، عێراق و سووریا ڕێککەوتووین بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکان بەردوام بن و سێ پەیام لەخۆ دەگرێت، یەکەمیان دەبێت پشتیوانییەکانی سووریا بەردەوام بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان، کە پلانگێڕی ئەمەریکا و ئیسرائیلی لە پشتەوەیە.
ڕاشیگەیاند، ئێستا لە چەند ناوچەیەک حکوومەت و سوپا و خەڵکی سووریا بەرەنگاری ئەو گرووپە تیرۆریستییانە دەبنەوە کە هێرشەکانیان دەستپێکردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: پەیامی دووەم، ئەوەیە هەڕەشەکانی سەر سووریا بە تەنیا لە سووریا ناوەستنەوە، ئەگەر سووریا بکەوێتە دەستی گرووپە تیرۆریستییەکان و ببێتە مۆڵگەی تیرۆریستان، ئەوە هەڕەشە و مەترسییەکان بەرەو وڵاتانی دراوسێ دەپەڕنەوە، عێراق، تورکیا و ئێران و ڵاتانی دیکەش دەگرێتەوە، چونکە تیرۆر سنوورەکان نا ناسێت و دەبێت بەرەنگاریان ببینەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: پەیامی سێیەم ئەوەیە، ناکرێت جیاکاری لە نێوان گرووپە تیرۆریستییەکان بەرەنگاربوونەوەیان بکرێت، چونکە هیچ تیرۆریستی باش یان خراپ نییە، لە نێویاندا گرووپی تەحریرولشام و بەرەی نووسڕە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان بە تیرۆریست ناسێندراون، هەربۆیە نابێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بێدەنگ بین و دەستوەستان بین.
ڕاشیگەیاند، دەبێت هەموو هەوڵەکانمان یەک بخەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پشتیوان بێت.