بەسام سەبباغ: گرژی و ئاڵۆزییەکانی سووریا مەترسییەکی جدییە بۆ تەواوی وڵاتەکانی ناوچەکە

بەسام سەبباغ، وەزیری دەرەوەی سووریا
بەسام سەبباغ، وەزیری دەرەوەی سووریا

وەزیری دەرەوەی سووریا، ئاماژەی بەوە کرد، سوپای سووریا ئەرکی نیشتمانی خۆی جێبەجی دەکات و ڕووبەڕووی گرووپە تیرۆرستییەکان بووەتەوە. گوتیشی: دەستوەردان لە کاروباری سووریا دەکرێت و ئەو وڵاتانەشی ئەو کارە دەکەن مەبەستیانە جارێکی دیکە نەخشەی ناوچەکە بە گوێرەی ئەجێندای خۆیان دابەش بکەن.

ئەمڕۆ هەینی 6ـی کانوونی یەکەمی 2024، بەسام سەبباغ، وەزیری دەرەوەی سووریا، لەمیانەی بەشداریی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ هاوتا عێراقی و ئێرانییەکەی، ڕایگەیاند، کۆمەڵێک کۆبوونەوەم لەگەڵ سەرکردایەتی عێراق ئەنجام دا، گفتوگۆی زۆر گرنگمان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی سووریا کرد.

ئاماژەی بەوە دا، بۆ هەموو لایەک ڕوونە بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانەوە بارودوخێکی ناسەقامگیر لە سووریا دروست بووە، ئەو گرووپانە حەلەب، ئیدلب و حەمایان کۆنترۆڵ کردووە، هاوکات دەستیان بە هێرش کردووە بۆ سەر حمس.

جەختی لەوەش کردەوە، هێرشی گرووپە چەکدارەکان بە تەواوی سەرکۆنە کراون. ناوبراو گوتیشی: بەهۆی ئەم هێرشانەوە شەپۆلێکی ئاوارەبوونی بۆ دانیشتووان دروست کردووە کە هەموویان خەڵکی سڤیلن.

وەزیری دەرەوەی سووریا، لەبارەی سوپای وڵاتەکەیەوە ئاشکرای کرد، سوپا ئەرکی نیشتمانی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە تیرۆرستییەکان جێبەجێ دەکات، هەروەها سوپا ناچار بوو هەندێک تەکتیک بەکار بهێنێت کە بگونجێت لەگەڵ شەڕکردندا.

هاوکات باسی لەوەش کرد، ئەم مەترسییە تیرۆستییە تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر سووریا، بەڵکوو مەترسییە بۆ تەواوی وڵاتەکانی ناوچەکە، هەروەها دەستوەردانی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە کاروباری سووریا دەکرێت.

بەسام سەبباغ، دەشڵێت: پێشتریش ئەم بارودۆخە لە سووریا ڕوویداوە، ئەم دەستوەردانانە ڕوون و ئاشکران، ئامانجیش لێی گەیشتنە بە ویستی مێژوویی بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نەخشەی ناوچەکە بە گوێرەی ئەجێندای ئەو لایەنانەی کە دەست لە کاروباری دەوڵەت وەردەدەن دابەش ببێت.

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت هەموو وڵاتانی جیهان سەرکۆنەی هێرشە تیرۆستییەکانی دەستەی تەحریر شام بکەن و پێویستە هەمووان پشتگیریی لە حکوومەتی سووریا بکەن بۆ پاراستنی خەڵک و وڵاتەکەی.

پێنجشەممە 5ـی کانوونی یەکەمی 2024، بەسام سەبباغ، وەزیری دەرەوەی سووریا گەیشتە بەغدا، کە بڕیارە ڕۆژی هەینی لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەسەر دۆخی سووریا ئەنجام بدەن.