محەممەد حەسسان: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر سەرکەوتوو بەڕێوە چوو
نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، لە میانی بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند: ئەمساڵ بەرەوپێشچوونێکی ئەرێنی لە هەرێمی کوردستان بەدی کرا و ئەویش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان بوو، کە بەشێوەیەکی زۆر سەرکەوتوو بەڕێوە چوو.
ئەمڕۆ 6ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لەباری دۆخ و دوایین پێشهاتەکانی عێراق کۆ بووە، نوێنەری ڕووسیا لە ئەنجوومەنەکە ڕایگەیاند، دەبێت جەخت لە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 1267 بکرێتەوە بۆ مەبەستی ڕێگریکردن لە چالاکی گرووپە تیرۆرستییەکان، هەروەها دەبێت ڕێگری لەو کەس و لایانانەش بکرێت کە هاوکاریان دەکەن.
لای خۆیەوە، محەممەد حەسسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ناسراو بە (یۆنامی)، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا، عێراقی ئەمڕۆ هەمان ئەو عێراقەی 20 ساڵ لەمەوبەر نییە، ئەمڕۆ ئەمن و ئاسایش لە وڵاتەکە بەرقەرار بووە سەرەڕای ئاڵنگاری و بەربەستەکان.
نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، دەڵێت: متمانەیەکی تەواومان هەیە ئەم وڵاتە مەزنە توانای هەیە بەرەنگاری ئاڵنگارییەکان ببێتەوە و ئاییندەیەکی باشتری هەبێت. جەختی لەوە کردەوە، عێراق دەیەوێت خۆی لە ململانێکان بەدوور بگرێت و مەبەستێتی ئاسایشی ناوچەکە پارێزراو بێت.
ناوبراو باسی لە پرۆسەی سەرژمێری دانیشتووان کرد و گوتی: پرۆسەی سەرژمێری دانیشتووان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە سەرکەوتوویی بەڕێوە چوو و پیرۆزبایی لە سوودانی دەکەم، دانیشتووانی عێراق لە ماوەی سێ دەیەدا دوو هێندە زیادی کردووە.
لەبارەی هەرێمی کوردستانیش، محەممەد حەسسان، ڕایگەیاند: بەرەوپێشچوونی ئەرێنی لە هەرێمی کوردستانیش بەدی کرا، دوای دوو ساڵ لە دانووستان و دواخستنی هەڵبژاردن، ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر سەرکەوتوو بەڕێوە چوو.
هاوکات ڕاشیگەیاند: 72%ـی دەنگدەران بەشدارییان لە دەنگدان کرد کە 12%ـی دەنگەکان بەراورد بە هەڵبژاردنی ڕابردوو زیادی کردووە.
نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، گوتیشی: هاوکارییەکانی یۆنامی لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم و فیدراڵی دانی پیانرا، یەکێک لەوانیش کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بوو، ئەو پشتیوانییە زۆر گرنگ بوو بۆ دروستکردنی متمانە بۆ بەهێزترکردنی توانە تەکنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردندا و ئەمەش شتێکە کە دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان شانازی پێوە بکات.
لە درێژەی قسەکانیدا، محەممەد حەسسان، ئەوەشی خستەڕوو، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەوەی گرنگە ئافرەتان توانیان 31 کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنن، ئێستا هاوبەشە سیاسییەکان ئەو ئەرکەیان لەسەر شانە کە ڕێگە بدەن ئافرەتانیش پۆستە گرنگەکان بەدەست بهێنن هاوشێوەی کورسییەکانی پەرلەمان.
سەرنجی خستە سەر ئەوەش، سەردانی سوودانی بۆ هەولێر هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ چارەکردنی چەندین کێشە کە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبوو.