یەکێتی بە نیازی پشێوی نانەوەیە

یەکێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی زیاتر لە کابینەی نوێی حکوومەت، دەیەوێت دنەی خەڵک بدات

نزیکەی 70 ڕۆژە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەیان وەرنەگرتووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی پابەندییە تەکنیکییەکانی بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کردووە، کەچی بەغدا پابەند نییە بە بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵی و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نانێرێت، کوردستان24 زانیاری هەیە کە لە سبەیەوە یەکێتی دەیەوێت لە ڕێگەی چالاکوانانی نزیک لە خۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە دژی حکوومەتی هەرێم دەست پێبکات و ئامانجەکەشی بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاترە لە حکوومەتی نوێدا.

یەکێتی کە بە ئەندازیاری ڕاوێژی بڕینی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014ـەوە لەلایەن بەغدا دادەندرێت، سەرەڕای ئەوەی کە بەشدارە لە حکوومەت و ئاگادارە بەوەی حکوومەتی هەرێم تەواوی پابەندییە داراییەکانی بەرانبەر حکوومەتی فیدڕاڵ جێبەجێ کردووە، ئێستا دەیەوێت لە ڕێگەی دروستکردنی فشاری شەقام وای نیشان بدات کە حکوومەتی هەرێم کەمتەرخەمە لە پێدانی مووچە بە فەرمانبەران.

یەکێتی لە قۆناغی یەکەمدا بایکۆتی فەرمانبەرانی بەشێوەیەکی ڕێژەیی دەست پێکردووە سەرچاوەیەک بە کوردستان24ی ڕاگەیاندووە، لە  قۆناغی دووەمدا یەکێتی پلانی داڕشتووە سبەی واتە رۆژی شەممە لە ڕێگەی چالاکوانانی نزیک لە خۆی کاتژمێر 10ی بەیانی لە بەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا لە شاری سلێمانی خۆپیشاندانەکە دەست پێبکات، لە هەنگاوی دووەمی ئەم قۆناغەشدا کاتژمێر 11ـی هەمان ڕۆژ خۆپیشاندەران شەقامی سەرەکی دەگرن و بە ڕێپێوان و گوتنەوە و بەرزکردنەوەی درووشم  ئاراستەی خۆپیشاندانەکە دەگۆڕن بۆ بەردەم  دادگەی سلێمانی.

 هەروەها دوای ئەنجامدانی چالاکییەکانیان بڕیارە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی بکەن و داوای جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی پەیوەست بە مووچەخۆران لە حکوومەتی هەرێم بکەن لە کاتێکدا حکوومەتی فیدڕاڵ پابەندییەکانی بەرانبەر بڕیارەکەی هەمان دادگە جێبەجێ ناکات، بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 ئامانجی یەکێتی مووچەی مووچەخۆران نییە بەڵکو مەبەستییەتی فشار لەسەر پارتی دروست بکات بۆ ئەوەی دەستکەوتی زیاتر لە پێکهێنانی کابینەی نوێ بەدەست بخات.

لە ماوەی ساڵی رابردووشدا یەکێتی بۆ دروستکردنی فشار لەسەر حکوومەتی هەرێم لە ڕێگەی گرووپێک بەناوی نوێنەرایەتی مامۆستایان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بایکۆتی دەوامی قوتابخانەکانی لە سنوورەکە ڕاگەیاند، کە ئەمەش زیانێکی گەورەی بە زیاتر لە 700 هەزار لە قوتابییان و پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بەگشتی لەو سنوورە گەیاندووە، لە دەرەنجامیشدا دەرکەوت یەکێتی مەبەستی چی بووە بەو پێیەی بەناو نوێنەرانی بەناو مامۆستایانی ناڕازی سەردانی بەغدایان کرد و کۆبوونەوەکان هیچ دەسکەوتێکیان بۆ مووچەخۆران و مامۆستایان نەبوو. 

سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ساڵی رابردوودا بە مەبەستی چارەکردنی پرسی مووچەی مووچەخۆران سەردانی بەغدای کردووە جگە لەوەش لەو ماوەیەدا چەندین شاندی ناردووەتە بەغدا بۆ ئەوەی لە رێکارە تەکنییەکان و خواستی بەغدا بکۆڵێتەوە، بەم کارەشی بەغدای بیانوبڕ کردووە، بەڵام هەر جارە و پاساوێک بۆ نەناردنی مووچە لە بەغداوە سەر هەڵدەدات کە لە دەرەنجامدا ئەم پرسە لە بەغدا لە دژی هەرێمی کوردستان بە سیاسی کراوە.