وڵاتانی عەرەبی داوا لە بەشار ئەسەد دەکەن سووریا جێبهێڵێت
سەرچاوەیەکی ئەمنیی سووریا بەڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ڕاگەیاندووە، بەرپرسانی میسر و ئوردن داوایان لە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا کردووە، وڵاتەکە بەجێ بهێڵێت و حکوومەتێکی کاتی بۆ ڕزگارکردنی سووریا پێک بهێنرێت.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، بەرپرسانی ئەمنیی سووریا و عەرەبی ئاماژەیان بەوە کردووە، بەشار ئەسەد داوای لە تورکیا کردووە دەستوەردان بکات بۆ ڕاگرتنی هەڵمەتە سەربازییەکان.
ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، بە گوتەی ئەو بەرپرسانە، ئەسەد هەوڵی داوە چەک و هاوکاریی هەواڵگری لە وڵاتانی عەرەبی وەربگرێت، بەڵام تا ئێستا داواکارییەکەی ڕەت کراوەتەوە.
ماڵپەڕی بلومبێرگی ئەمەریکی لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە کرێملینەوە پشتڕاستی کردەوە، ڕووسیا هیچ پلانێکی نییە بۆ ڕزگارکردنی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا، ئەمەش لەبەر خێرایی کۆنترۆڵ کردنی هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەسەر ناوچەکانی وڵاتەکەدا.
سەرچاوە ڕووسییەکە ئاماژەی بەوەش کرد "وڵاتەکەی هیچ پلانێکی نییە بۆ ڕزگار کردنی ئەسەد، تاکوو سوپای سووریا لە پێگەکانی خۆیان بە جێگیری دەمێننەوە و بەجێی ناهێڵن."
دوای ماوەیەکی کەم باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە دیمەشق، داوای لە هاووڵاتیانی ڕووسیا کرد، وڵاتەکەی بەجێ بهێڵن بەهۆی خراپتربوونی دۆخەکەوە. لە بەیاننامەیەکدا لە باڵیۆزخانەکەوە ئاماژە بەوە کراوە، وەک هەمیشە بەردەوام دەبن لە کارەکانیان.