ئێران فەرماندە سەربازیی و دیبلۆماتکارەکانی لە سووریا دەکشێنێتەوە

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی لەسەر زاری بەرپرسانی هەرێمی و ئێرانی ئاشکرای کردووە، تاران دەستی کردووە بە کشاندنەوەی فەرماندە سەربازییەکانی و کارمەندانی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکەی لە دیمەشق.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامە ئەمەریکاییەکە، بەشێک لە فەرماندە باڵاکانی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، گوازراوەنەتەوە عێراق و لوبنان، هەروا بەشێک لە ئەندامانی سوپای پاسداران و کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئێران بەخۆیان و خێزانەکانیان و ژمارەیەک لە خەڵکی مەدەنی بە ڕێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە گوازراونەتەوە ئێران.

نیویۆرک تایمز نووسیویەتی: "لە بەرەبەیانی دوێنێ هەینییەوە پرۆسەی گواستنەوە و دەرچوون لە سووریا لەلایەن ئێرانییەکانەوە دەستی پێ کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق، بە فەرمی بڕیاری چۆڵکردنی بۆ هێزەکانی سوپای پاسداران و کارمەندانی باڵیۆزخانە دەرکرد و ڕێگەی وشکانی لوبنان و عێراق و بەندەری لازقیەشی وەک تاکە ڕێگەی دەریایی بۆ دەربازبوون لە سووریا، دیاریی کردووە."

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر هەر یەک لە ڕووسیا، عێراق و ئوردن لە ڕێگەی باڵیۆزخانەکانیانەوە پەیامی بە پەلەیان ئاراستەی هاووڵاتییانیان لە سووریا کرد کە هەرچی زووە لە سووریا دەربچن و بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بەهۆی خێرا پێشڕەوییەکانی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن بەرەو دیمەشق، کە تاوەکوو ئێستا چەند گەورە شارێکیان کۆنترۆڵ کردووە.