تەمەنی 67 ساڵە و دەچێتە بەر خوێندن
![](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/1733556476_kurdistan24.jpg)
بۆ خوێندن هیچ کات درەنگ نییە، ئەم قسەیە ڕێک بۆ حەلیمە گونجاوە، ئەو تەمەنی 67 ساڵە و تازە دەستی بە خوێندن کردووە .
چیرۆکی حەلیمەدەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ڕابردوو کە بە قسەی چەند خاتونێکی هاوڕێ و دراوسێی بڕیار دەدات خۆی لە نەخوێندەواری ڕزگار بکات .
حەلیمە، ڕۆژانە دەچێتە قوتابخانە تایبەتەکەیان، پۆلەکەی نزیکەی 30 قوتابی سەروو 20 تا 50 ساڵی تێدایە و حەلیمە بە تەمەن لە هەموویان گەورەترە و لە ڕیزی پێشەوە دادەنیشێت، حەزی لە خوێندن و نووسینە و لە وانەکانیش حەز بە زانست ناکات و دەڵێت: "بۆ من قورسە."
سی قوتابییە هاوپۆلەکانی حەلیمە دەڵێن: "تەمەن نەبووەتە ڕێگر لەبەردەم خوێندنەکەمان."
حەلیمە گوێگری مامۆستاکەیەتی، لە سەرجەم تاقیکردنەوەکانی وانەکانی کوردی و بیرکاری و ئایین و کۆمەلایەتی نمرەی بەرزی وەرگرتوە، گەرچی تەمەنی هەیە، بەڵام حەز و خولیای بۆ خویندن و فێربوون زۆرە.
حەلیمە عوسمان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە ڕابردوودا دەیان گوت نابێت کچ بخوێنێت، ئێستەش هاوسەر و منداڵەکانم پشتیوانیم دەکەن کە بخوێنم و دەرفەتم بۆ ڕەخساوە."
دەشڵێت: "مامۆستاکانمان هەموویان زۆر باشن و خۆشمان حەزمان لێیە بخوێنین، بەهۆی زۆریی تەمەنمەوە وانەکان تۆزێک قورسن، بەڵام خوێندنیش قورس نییە بخوێنیت زۆر خۆشە."
قوتابخانەکە تایبەت کراوە بە کەسانی بەتەمەن کە حەزیان لە خوێندنە و بەو جۆرەی بەڕێوبەری قوتابخانەی نەهیشتنی نەخوێندەواری باسی دەکات "نزیکەی 80 قوتابی لە سێ قۆناغ بەشدارن و ساڵانە بە پلان و پرۆگرامی وەزارەت پەروەردە تاقیکردنەوەی سەرجەم وانەکان دەکەن و کارئاسانیش بۆ ئەو کەسانە دەکرێ لە و تەمەنانەدا حەز بە خوێندن دەکەن."
کارزان کانەبی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی نەهێشتنی نەخوێندەواری گوتی: "پرۆژەیەکی گرنگی نیشتمانییە، لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی ناوەندی هەولێر، مۆڵەتمان وەرگرت و پەرەمان بەم قوتابخانە دا."
حەلیمە دەڵێت: "بە نیازە تا قۆناغی کۆتایی بەردەوام بێت." ئەو نۆ منداڵی هەیە، بەڵام ئەوە نەبووەتە ڕێگری و بنەماڵەکەی هاندەری ئەون بۆ ئەوەی بە سەركەوتوویی قۆناغەكانی خوێندن تەواو بكات.