ڕووداوێکی هاتوچۆ نۆ قوربانی لێ کەوتەوە
ڕاگەیاندنی هاتوچۆی گەرمیان بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ 7ی کانوونی یەکەمی 2024، بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل لەسەر ڕێگەی کەلار - خانەقین نۆ کەس بوونەتە قوربانی.
هاتوچۆی گەرمیان ڕایگەیاندوە، ڕووداوەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نێوان دوو ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی مازدا و تۆیۆتا کۆرۆلا، لە نزیک گوندی گاکوڵ بووە و لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان سپاردووە و حەوت کەسیش برینداربوونە.
هەروا ڕوونی کردووەتەوە، لە ئۆتۆمبێلی جۆری مازدا دوو سەرنشین مردوون و دوو سەرنشینی دیکەش بریندابوونە، پێنج بریندارەکەی دیکەش لە ئۆتۆمبیلە تۆیۆتاکەدا بوون.
بریندارەکانیش بۆ تیمار و چارەی تەندروستی گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار.