دۆخی سیاسی و سەربازیی سووریا ئاڵۆزتر دەبێت

سەربازانی ڕژێمی سووریا لە چەند ناوچەیەکی دیکە دەکشێنەوە

ڕیزەکانی هێزە سەربازییەکانی سوپای حکوومەتی سووریا بەهۆی فراوان بوونی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی تەحریر شام و هاوپەیمانەکانی لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا، شڵەژاوە و لە چەند ناوچەیەکی دیکەش دەستیان بە پاشەکشە کردووە.

بەرە بەیانی ئەمڕۆ ، 7ی کانوونی یەکەمی، سوپای سووریا ڕایگەیاند "کە هێزە سەربازییەکانی چوونەتەوە ناو سەنتەری شاری دەرعا و بڵاوبوونەتەوە و کۆنترۆڵی دۆخەکەیان کردووە. دەرعا، دەکەوێتە باشووری لوبنان و دیمەشق.

بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک، ڕامى عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، تایبەت بە كوردستان24ی ڕاگەیاند "پارێزگای دەرعا بە تەواوەتی له کۆنترۆڵی حکوومەتی سووریا دەرچووه و  کەوتووەتە دەستی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن."

هەر لە بارەی هەڵوەشانەوەی ڕیزەکانی سوپای سووریا، چەند دیمەنێکی کشانەوەی سەربازانی لە شارۆچکەی جەبای سەر بە پارێزگای قونەیترە، نزیک لە بەرزاییەکانی جۆلان لە باشووری ڕۆژئاوای سووریا، بڵاوکراوەتەوە، کە بە پیادە و چەکی سووک شارەکە چۆڵ دەکەن.