چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لە دیمەشق نزیک دەبنەوە
سەربازانی سووریا بەرەو دیمەشق دەکشێنەوە

سوپای سووریا لە شارۆچکەی کسوە، کە بە دووری 18 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری دیمەشق، تانک و زریپۆشەکانیان بەرەو سەنتەری پایتەخت دەکشێننەوە.
سەرچاوەیەک لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە مێدیا عەرەبییەکانی ڕاگەیاندووە، پێشڕەوییەکانیان بەرەو پایتەخت بەردەوامە و لە چەند بەرەیەکەوە گەیشتوونەتە دەروازەی دیمەشق.
هەروەها هێزەکانی سوپای سووریا، سەرجەم بنکە و سەربازگەکانی سنووری پارێزگای قنێترەی نزیک سنووری ئیسرائیلیان چۆڵ کردووە و پاشەکشەیان کردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن، سوپای ڕژێمی سووریا لە زۆربەی ناوچەکان توانای بەرگرییان نەماوە و بەبێ تەقە و پێشوەختە ناوچەکان چۆل دەکەن و دەکشێنەوە.