سێرگی لاڤرۆڤ: تەحریر شام گرووپێکی تیرۆریستییە و هاوکاریی سەربازیی پێشکەشی سووریا دەکەین

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ لە کۆڕبەندی دەوحە لەبارەی بارودۆخی سووریاوە ڕایگەیاند: تەحریر شام گرووپێکی تیرۆریستییە و هاوکاریی سەربازیی پێشکەش بە سووپای سووریا دەکەن بۆ ئەوەی ئەو گرووپە تیرۆریستیانە بە ئامانجی خۆیان نەگەن.

شەممە 7ـی کانوونی یەکەمی 2024، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە کۆڕبەندی دەوحە ڕایگەیاند:کۆنتڕۆڵکردنی خاکی سووریا لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە قەبوڵ ناکرێت، هاوکات جەختی لە یەکپارچەیی خاکی سووریا و پێویستی کۆتایی دەستبەجێی دوژمنکاریی کردەوە.

لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوە کرد کە، لە کۆبوونەوەی ئاستانا لەسەر سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا ڕێککەوتوون، گوتیشی: ئەو کارەساتانەی لە فەڵەستین و سووریا ڕوودەدەن، بەهۆی سیاسەتی ئەمریکاوەیە، گوتی: ڕووداوەکان بەهۆی خواستی ئەمەریکاوەیە بۆ بەردەوامی هەژموونی خۆی.

لاڤرۆڤ ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەی دەوحە جەختیان لە پێویستی ڕاگرتنی پێکدادانەکانی سووریا کردەوەتەوە و گوتی: بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشە تیرۆریستییەکان لە ڕێگەی ئاسمانییەوە هاوکاریی سووریا دەکەین، گوتیشی: سەبارەت بە پێشهاتەکانی سووریا لەگەڵ ئێران و تورکیا گفتوگۆمان کرد و هەماهەنگی دەکەین.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا تیشکی خستە سەر ئەوەی، مۆسکۆ داوای گفتوگۆی نێوان حکوومەتی سووریا و ئۆپۆزسیۆن دەکات، ڕاشیگەیاند: بەرەی تەحریر شامی ئیسلامی لە سووریا گرووپێکی تیرۆریستین، ئەوەی نەشاردەوە کە مۆسکۆ هاوکاریی سەربازیی پێشکەش بە سووریا دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، گوتیشی: ئۆپۆزسیۆنی سووریا پرسی جیۆسیاسی قۆستووەتەوە، ئەوەی لە دەستمان بێت لە سووریا دەیکەیننیگەرانی خۆی نیشاندا لە ئایندەی گەلی سووریا و نایانەوێت وەک بارودۆخی عێراق و لیبیا  کۆتایی بێت، گوتی: ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین تیرۆریستەکان لە سووریا بە ئامانجی خۆیان نەگەن.

لاڤرۆڤ ڕایگەیاند: مۆسکۆ و تاران و ئەنقەرە داوا دەکەن دەستبەجێ شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە سووریا کۆتایی پێ بێت.