ترەمپ: نابێت ئەمەریکا هیچ پەیوەندییەکی بە ململانێکانی سووریاوە هەبێت
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ڕایگەیاند: ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئەسەد بە خێرایی لە پێشڕەویی دایە. جەختی لەوەش کردەوە، نابێت ئەمەریکا هیچ پەیوەندییەکی بە کێشە و ململانێکانی سووریاوە هەبێت.
ئەمڕۆ شەممە 7ـی کانوونی یەکەمی 2024، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس، نوسیوویەتی: چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لە سووریا، بە تەواوی دەستیان بەسەر چەندین شاردا گرتووە و لە پێشڕەوی دان، هەورەها خۆیان ئامادە کردووە کە کارێکی زۆر گرنگ ئەنجام بدەن ئەویش ڕووخاندنی ڕژێمی ئەسەدە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، ڕووسیا ناتوانێت پێشڕەوی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بوەستێنێت، بەڵکو ڕەنگە ڕووسیا لە سووریا دەربکرێت. گوتیشی: نابێت ئەمەریکا هیچ پەیوەندییەکی بە کێشە و ململانێکانی سووریاوە هەبێت، هەروەها سووریا دۆستی ئێمە نییە.
باسی لەوەش کرد، ئێستا ڕووسیا بە شەڕی ئۆکرانیاوە سەرقاڵە، لەوێدا 600 هەزار سەربازیی لەدەست داوە، بۆیە زۆر ماندوو بووە و ناتوانێت وەک پێشتر پارێزگاریان لێ بکات.