گرووپە چەکدارەکان تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە دیمەشقەوە دوورن

دوو چەکداری گرووپی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لەکاتی دەستبەسەرداگرتنی فڕۆکەیەکی جەنگیی سوپای سووریا
دوو چەکداری گرووپی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لەکاتی دەستبەسەرداگرتنی فڕۆکەیەکی جەنگیی سوپای سووریا

گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا، دوای کۆنترۆڵکردنی چەند خاڵێکی سەربازی لە نزیک دیمەشق، لە پێشڕەوییەکانیان بەردەوامن و تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە پایتەختەوە دوورن.

دوای ئەوەی گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا، پارێزگاکانی دەرعا و سوێدایان کۆنترۆڵ کرد، سوپای سووریا لە باشووری دیمەشق کەوتنە حاڵەتی ئامادەباشی و بەهێزکردنی هێڵەکانی بەرگریی خۆی ڕاگەیاند.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ شەممە 7ـی کانوونی یەکەمی 2024، سوپای سووریا ئاشکرای کرد، هێزە چەکدارەکانمان هێڵەکانی جێگیرکردنیان لە سەرتاسەری لادێکانی دیمەشق و ناوچەی باشوور بەهێز کردووە بۆ ئەوەی ڕێگریی لە پێشڕەوی تیرۆرستان  بۆ ئەو ناوچانە بکەین.

گرووپە چەکدارەکان نزیک دەبنەوە

ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس لە زاری چەند کەسێک کە خۆیان بە چالاکوان ناساندووە بڵاوی کردووەتەوە، کە گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا گەیشتوونەتە دەوروبەری دیمەشق و نزیکن لە چوونە نێو پایتەختەوە.

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی ڕایگەیاند، سووپای حکوومەتی سووریا لە ناوچەکانی دەوروبەری دیمەشق و پارێزگای قونەیتیرە لە باشووری سووریا کشاونەتەوە.

گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا ئەمڕۆ ڕایانگەیاند، کە قۆناغی "گەمارۆدانی" دیمەشقیان دەست پێکردووە و وەزارەتی بەرگریی سووریاش کشانەوەی هێزەکانی سوپای سووریای لە ناوچەکانی دەوروبەری پایتەخت ڕەت کردەوە.

هەروەها حەسەن عەبدولغەنی، کە سەرکردەیەکی گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانە، پەیامێکی لە تەلەگرام بڵاو کردەوە کە ئاماژەی بەوە دا، “هێزەکانمان دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی قۆناغی کۆتایی گەمارۆدانی دیمەشقی پایتەخت".

هەر ئەمڕۆ سه‌رچاوه‌ هه‌واڵییه‌كان بڵاویان كرده‌وه‌، گرووپە چه‌كداره‌‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی سووریا به‌ سه‌ركردایه‌تی ده‌سته‌ی ته‌حریر شام له‌ پێشڕه‌وییه‌كانیان به‌ره‌و دیمه‌شقی پایه‌ته‌ختی سووریا به‌رده‌وامن.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی مه‌یدانی له‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕه‌كانی ئێستای سووریادا، سه‌رنجیان بۆ ئه‌وه‌ ڕاكێشاوه‌، گرووپە چه‌كداره‌‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی سووریا گه‌یشتوونه‌ته‌ ناو شاری داره‌یا كه‌ ته‌نیا هه‌شت كلیۆمه‌تر له‌ دیمه‌شقەوە دووره‌.

فیرقەی چوارەمی سوپای سووریا بە سەرۆکایەتی ماهر ئەسەد، کە برای بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریایە، لە پارێزگای دیمەشق و لادێکانی جێگیرە خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکان ئامادە دەکات.