بلوومبێرگ: ئەسەد ئامادەیە بۆ ڕێککەوتن

بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا
بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا

بلوومبێرگ ڕایگەیاند: بەشارە ئەسەد ئامادەیە ڕێککەوتن بکات بەو مەرجەی چەند ناوچەیەک لەژێر دەسەڵاتیدا بمێنێتەوە، یاخود  گەرەنتی دەرچوونی بە سەلامەت لە وڵاتەکە بکرێت.

ئەمڕۆ شەممە 7ـی کانوونی یەکەمی 2024، پێگەی هەواڵی بلوومبێرگی ئەمەریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردەوە، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا ئامادەیە بۆ ڕێککەوتنێک کە ڕێگەی بدات چەند ناوچەیەک لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا بمێنێتەوە، یان گەرەنتی دەرچوونی سەلامەتی خۆی لە وڵات بکرێت.

بە گوێرەی هەواڵی بلوومبێرگ، بەشار ئەسەد پێشنیازی داڕشتنی دەستوورێکی نوێ و ئەنجامدانی گفتوگۆی لەگەڵ گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا هەیە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارەی کە پێگەی هەواڵەکە ئاماژەی پێ کردووە، ڕایگەیاندووە، دوا هەوڵی ئەسەد بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا، لە ڕێگەی دەستپێشخەرییەک لەگەڵ ئیدارەی ئەمەریکا و ترەمپی سەرۆکی هەڵبژێدراوی وڵاتەکە دەبێت.