سەدان کارمەند و سەربازی گومرگەکانی سووریا هاتنە ناو خاکی عێراق

یەکشەممە، 8-12-2024، سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاندووە، سوورییەکان هاتوونەتە ناو سنوورەکانی عێراق، ئاماژەی بەوەش کرد، لە نێو ئەو سوورییانەی هاتوونەتە سنووەرەکانی عێراق کارمەند و سەرباز و سڤیلیان تێدایە.

 سەرچاوە ئەمنییەکە بە مێدیای ناوخۆی ڕاگەیاند "ئەو سوورییانەی هاتوونەتە ناو سنووری عێراقەوە، ژمارەیان لە نێوان 500 بۆ 700 کەسە."ڕوونیشی کردووەتەوە "ئەو سوورییانە بریتین لە سەرباز و ئەفسەر و کارمەندی مەدەنی کە لە گومرگەکاندا کاردەکەن."

ڕاشیگەیاند "کۆی گشتیی ئەو سوورییانەی کە لە دوێنێ شەممەوە هاتوونەتە ئەمدیو سنوورەوە، گەیشتووەتە دوو هەزار و 500 کەس"

سەرچاوەکە گوتیشی: "بەهۆی دۆخی ئاڵۆزیی سووریاوە، 1500 سەربازی سووری لە ڕێگەی دەروازەی قائیمەوە هاتوونەتە ناو خاکی عێراق."

هاوکات، ئەمڕۆ ، چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن دیمەشقیان کۆنترۆڵ کرد و بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریاش بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵات.