تەلەفزیۆنی فەرمی سووریا کەوتنی ڕژێمی ئەسەدی ڕاگەیاند
ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە ناوی دەستەی تحریر الشام بەیاننامەی ژمارە 1ـی لە تەلەفزیۆنی فەرمی سووریا لە دیمەشق بڵاو کردەوە.
یەکشەممە، 8-12-2024، کۆمەڵێک لە ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆن بەکۆمەڵ لە ناوەندی ستۆدیۆکەوە وەستاون بۆ خوێندنەوەی بەیاننامەکە، کە تێیدا هاتووە "سوپاس بۆ خودای گەورە، شاری دیمەشق ئازاد کرا، بەشار ئەسەدی ستەمکار ڕووخێنرا و هەموو زیندانییەکان ئازاد دەکران."
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە: "ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی دەستەی تەحریری دیمەشق، داوا لە هاووڵاتیان دەکات هەموو موڵک و ماڵی دەوڵەتی سووریا بپارێزن. بژی سووریا بۆ هەموو سوورییەکان بە هەموو چین و توێژەکانەوە."
چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ئەمڕۆ، یەکشەممە کۆنترۆڵی دیمەشق و کۆشکی کۆمارییان کرد.
ڕۆژنامەکان پشتڕاستیان کردەوە، بەشار ئەسەد بە فڕۆکەیەک بۆ شوێنێکی نادیار هەڵهاتووە، کە بە ئاسمانی حمسدا فڕیوە پێش ئەوەی لە ڕادار ون بێت.
لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی دیمەشق، ئەبو محەممەد جۆلانی ڕایگەیاند: سووریا بۆ هەموو سوورییەکانە، ئێمە هەموو هاووڵاتییەکی سووریا دەپارێزین. ئاماژەی بەوەش کرد، "هیوادارم هەموو سوورییەکان بە ژیری بیر لە بەرژەوەندی وڵاتەکەیان بکەنەوە. داواش دەکەین دامەزراوەکانی حکوومەت لە ژێر دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانی ئێستەدا وەک خۆیان بمێننەوە و دەستکاری هیچ دامودەزگایەکی فەرمی وڵات نەکەن".