ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆ: زیاتر لە 264 هەزار پەنابەری سووری لە هەرێمی کوردستان هەن
یەکشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەرچاوەیەک لە بەشی داتا و زانیاری لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "264 هەزار و 198 پەنابەری سووری لە هەرێمی کوردستان هەن." دوای شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سووریا لە سەرەتای ساڵی 2011 و سەرهەڵدانی ڕێکخراوی داعش لە سووریا، ملیۆنان هاووڵاتی سووری پەناهەندەی وڵاتان بوون، لە نێویاندا هەزاران هاوڵاتی سووری پەناهندەی هەرێمی کوردستان بوون.
حکوومەتی هەرێم، بۆ نیشتەجێکردنیان، ژمارەیەک کەمپی لە هەرسێ پارێزگای هەولێر و دهۆک وسلێمانی دروست کرد؛ لەپاریزگای هەولێر ئەم کەمپانە دروست کران: دارەشەکران، قوشتەپە، باسرمە. لەپارێزگای دهۆک ئەم کەمپانە دروست کران: ئاکرێ، دومیز1، دومیز2، گەویلان. لەپارێزگای سلێمانی کەمپی، عەربەت- باریکە.
بە گوێرەی ئەو داتا و زانیاریانەی دەست کوردستان 24 کەوتوون، لە هەرێمی کوردستان 264 هەزار و198 پەنابەری سووری هەن؛ دابەشبوونی پەنابەرانی سووری لە هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەیە: لە پارێزگای هەولێر 142هەزار735 پەنابەر هەیە لەپارێزگای دهۆک 84 هەزار516 پەنابەر هەیە لەپارێزگای سلێمانی 36 هەزار947 پەنابەر هەیە کۆی گشتی: 264 هەزار198 پەنابەر سەبارەت بەوانەی لەنێو کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکانن لەهەرسێ پارێزگای هەولێر و دهۆک و سلێمانی بەمشێوەیە: 90 هەزار و 958 پەنابەر لەنێو کەمپەکانن 173 هەزار و 240 پەنابەر لە دەرەوەوی کەمپەکانن.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ، 08-12-2024، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا چوونە نێو دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی ڕژێمی بەشار ئەسەد هێنا و تاوەکوو ئێستەش چارەنووسی ئەسەد دیار نییە.