ئێران: دەبێت خەڵکی سووریا خۆیان بڕیار لەسەر داهاتووی وڵاتەکەیان بدەن

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: چارەنووسی سووریا دەبێ لە لایەن خەڵکی ئەم وڵاتە و بە بێ دەستوەردانی دەرەکی دیاری بکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بە ئاماژەکردن بەوەی ڕێز لە یەکپارچەیی و سەروەریی سووریا بگیرێت، جەختی کردووەتەوە، کە دەبێت خەڵکی سووریا خۆیان بڕیار لەسەر داهاتووی وڵاتەکەیان بدەن.

سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، پێویستە بە خێرایی پێکدادانە سەربازییەکان ڕابگیرێن و ڕێگیری بکرێت لە کردەوە تیرۆریستییەکان و دەستپێکردنی گفتوگۆی نیشتمانی بە بەشداریی هەموو لایەنەکان.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، دەبێت حکوومەتێکی بنکەفراوان کە نوێنەری هەموو خەڵکی سووریا بێت پێک بهێنرێت.

لەو ڕاگەیاندراوەدا ئاماژە بەوەش کراوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتیوانیی لە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 2254ـی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات و بە مەبەستی جێگیربوونی ڕەوتی سیاسی لە سووریا و هاوکاریی بنیاتنەریشی لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت.