سەدر: چاوەڕێی گفتوگۆیەکی نیشتمانیین بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی دیموکراسی لە سووریا
ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە دەڵێت: چاودێری دۆخی سووریا دەكەین، هەروەها چاوەڕێی گفتوگۆی نیشتمانین لە پێناو پێكهێنانی حكوومەتێكی دیموكراسی کە هەموو نەتەوەكان كۆبكاتەوە و دوور بێت لە حوکمی سەربازیی و پەراوێزخستن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، لەبارەی ڕەوشی سووریا و کۆتاییهاتن بە حوکمی ئەسەد، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاو کردەوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە، حوکمی زیاتر لە 50 ساڵەی ئەسەد بە دەستی هەموو پێکهاتەکانی سووریا ڕووخا، هەروەها چاوەڕێی گفتوگۆی نیشتمانین لە پێناو پێكهێنانی حكوومەتێكی دیموكراتی کە هەموو نەتەوەكان كۆبكاتەوە و دوور بێت لە حوکمی سەربازیی و پەراوێزخستن.
سەدر باسی لەوە کرد، چاومان لە پەیوەندییەکی هاوسەنگە لە نێوان گەلی ئێمە و سووریادا، چارەنووسمان یەکە، ناهێڵین دوژمن بە بیانووی جیاواز دابەشمان بکات.
چوارشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2024 گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بە سەرکردایەتیی ئەبو محەممەد جۆلانی هێرشی بەفراوانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەست پێ کرد و دوای کۆنترۆڵکردنی حەلەب، حەما، دەرعا، سوەیدا و قونەیترە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، یەکشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، چوونە نێو حومس و دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی بەشار ئەسەد هێنا.