پزیشکیان: پێویستە نێردە دیپلۆماسییەکان لە سووریا پارێزراو بن

مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران

سەرۆک کۆماری ئێران داوا دەکات، یەکپارچەیی و سەروەریی سووریا بپارێزرێ و خەڵکی سووریا خۆیان چارەنووسی وڵاتەکەیان دیاری بکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی وڵاتەکەیدا، بە ئاماژەکردن بە ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد ڕایگەیاند، پێویستە یەکپارچەیی و سەروەریی سووریا بپارێزرێ.

جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە هەرچی زووتر شەڕ و پێکدادانی چەکداریی کۆتایی پێ بێت بۆ ئەوەی خەڵکی سووریا لە کەشێکی ئارامدا و بە بێ دەستوەردانی دەرەکی، بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن و حکوومەتێکی کە شیاوی وڵاتەکەیە هەڵبژیرن.

پزیشکیان گوتیشی: زۆر گرنگە کە ئاسایشی هاووڵاتییانی سووریا و ئەو کەسە بیانییانەی کە لەم وڵاتە نشتەجێن دابین بکرێ و مەزارگە پیرۆزەکانی شیعە و شوێنە کونسوڵی و دیپلۆماسییەکانیش بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان پارێزراو بن.

هاوکات ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکانی سووریا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەقامگیربوونی دۆخی ئەم وڵاتە.

چوارشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2024 گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا  بە سەرکردایەتیی ئەبو محەممەد جۆلانی هێرشی بەفراوانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەشار ئەسەد دەست پێ کرد و دوای کۆنترۆڵکردنی حەلەب، حەما، دەرعا، سوەیدا و قونەیترە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، یەکشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، چوونە نێو حومس و دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی بەشار ئەسەد هێنا.