دۆناڵد ترەمپ پارێزەرێکی بە ڕەگەز عێراقی وەک ڕاوێژکاری سەرۆک دەستنیشان کرد
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ڕایگەیاند "ئەلینا حەبە، یەکێک لە ئەندامانی تیمی پارێزەرەکانی دەستنیشان کردووە بۆ ئەوەی ببێتە ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی.
ئەلینا حەبە، بەڕەچەلەک عێراقییە و تەمەنی 40 ساڵە، لەسەرەتای ئەمساڵدا وەک گوتەبێژی یاسایی دۆنالد ترەمپ کاری کردووە.
دۆناڵد ترەمپ، لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'Truth social' گوتی: "ئەو کچە لە دڵسۆزی و وەفاداریدا بێوێنەیە، لە کاتی چەندان دادگاییدا، شەو و ڕۆژ لە دادگا پشتیوانم بووە."
ترەمپ، یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا بووە کە بە تۆمەتی تاوانکردن دادگایی بکرێت، کاتێک دەستەی سوێندخواردنی نیویۆرک لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوودا، ڕووبەڕووی 34 تۆمەتیان کردەوە، یەکێک لەوانە پێدانی پارە بووە بۆ بێدەنگکردنی خانمە ئەکتەرێکی پۆرن کە ئەو ئەکتەرە گوتبووی ترەمپ سێکسی لەگەڵدا کردووە.