چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا گەیشتنە مەنبج

بەرە بەیانی دووشەممە، 9ی کانوونی یەکەمی 2024، چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا گەیشتنە شارۆچکەی مەنبج لە ڕۆژئاوای کوردستان.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستی ماڵپەڕی کوردستان24 گەیشتوون، شەڕ و پێکدادانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن بەردەوامە و گرووپە چەکدارەکان نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی شارۆچکەکە بکەن.

گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی دوای ڕووخاندنی ڕژێمی سووریا و کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر دەستی سوپای سووریا، ئەمە دووەم ناوچەی سنووری دەسەڵاتی هەسەدەیە هێرشی دەکەن سەر، لە هەفتەی ڕابردوو دوای کۆنترۆڵکردنی پارێزگای حەلەب، هێرشیان کردە سەر شارۆچکەی تەل ڕەفعەت و هێزەکانی سووریای دیموکرات پاشەکشەیان کرد.

هەروەها دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) ، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا هەڕەشەی هێرشکردنە سەر مەنبج و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان کرد و گوتی: "پەکەکە، یەپەگە و پەیەدە دوژمنی سەرسەختی تورکیان، دوای کەوتنی تەل ڕەفعەت پێشڕەوییەکان ڕاناوەستن و هێرشەکان بەرەو مەنبج بەردەوام دەبن".

لەلایەن خۆیەوە، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەکانەوە 17 ئەندامی هێزەکانی هەسەدە و 9 چەکداری گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن کوژراون، کە تورکیا پشتیوانیان دەکات.