ڕوانگەی سووری: لە ئەنجامی بۆمبارانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا، 11 گوندنشین کوژران
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە پێگەی ڕەسمیی خۆی ڕایگەیاند، لە ئەنجامی بۆمبارانی ماڵێک لە گوندی ئەلمستەریحەی دەوروبەری عەین عیسا لە باکووری ڕەققە، لە لایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکییەوە، 11گوندنشین کوژراون، سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزانن و شەشیان منداڵن.
عەین عیسا، دەکەوێتە ناوچەی ژێردەستەڵاتی هێزەکانی هەسەدە. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ڕوانگەی سووری، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، فڕۆکەکانی سەر بە هێزی ئاسمانیی تورکیا، 191 هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی ژیر دەسەڵاتی خۆسەر ولە ئەنجامدا ژمارەی ئەو خەڵکە مەدەنییانەی بە بۆمبارانی فڕۆکەکانی تورکیا کوژراون، گەیشتووەتە 55 کەس.