گرووپە چەکدارەکانی سووریا مەنبجیان کۆنترۆڵ کرد
هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر دێرەزوور دەستی پێ کردووە
چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا ناوەندی شارۆچکەی مەنبج و چەند گوندێکیان لە ڕۆژئاوای دێرەزوور کۆنترۆڵ کرد و شەڕ و پێکدادانی توند لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەردەوامە.
گرووپە چەکدارەکانی سووریا، دوای دوو ڕۆژ لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات، شارۆچکەی مەنبجیان لە دەشتیاییەکانی پارێزگای حەلەبی باکووری سووریا کۆنترۆڵ کرد و لە دەستی هێزەکانی سووریای دیموکراتیان دەرهێنا.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستی ماڵپەڕی کوردستان24 گەیشتووە، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا جگە لە ناوەندی مەنبج، بەشی زۆربەی گوند و ناوچەکانی دەورووبەریشی کۆنترۆڵ کردووە و هێرشەکانیشان بەردەوامە.
هەروەها لە باشووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە باشوور و باکووری پارێزگای دێرەزوور هێرشێکی چڕیان بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات دەست پێ کردووە و چەندین گوندیان لە ڕۆژئاوای دێرەزوور کۆنترۆڵ کردووە.
سەرەتاکانی هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی گرووپە چەکدارەکان و کۆنترۆڵکردنی حەلەب، ئۆپۆزسیۆنی سووریا شارۆچکەی تەل ڕەفعەتیان لە دەستی هێزەکانی سووریا دەرهێنا، بەڵام دوو ڕۆژ لەمەوبەر، پاش کشانەوەی سەربازییەکانی سوپای ڕژێمی سووریا لە شاری دێرەزوور و گوندەکانی دەوروبەری، وایکرد هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆنترۆڵی شارەکە و فڕۆکەخانەی دێرەزوور و زیاتر لە حەوت گوندی ناوچەکە بکەن.