نەبێنزیا: ڕووسیا تێ ناگات ئیسرائیل کام بەشە لە جۆلان بە "موڵکی خۆی" دەزانێت

ڤاسلی نەبێنیزیا، نوێنەری هەمیشەیی ڕووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایش ڕایگەیاند، ڕووسیا سەرنجی لێدوانە دژ بەیەکەکانی ئیسرائیل دەدات سەبارەت بە بەرزاییەکانی جۆلان و تێ ناگات کە ئیسرائیل کام بەشە بە موڵکی خۆی دەزانێت.

نەبێنزیا، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "ئێمە گوێمان لە ڕاپۆرتە دژبەیەکەکان دەبێت کە لە ئیسرائیلەوە دێن." سەرەتا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ناتانیاهۆ شتێکی گوت، دواتر نوێنەری ئیسرائیل پەیامێکی نارد و گوتی کە ئەمانە چارەی کاتین بەهۆی ئەو بۆشاییەی دروست بووە.

ئاماژەی بەوەش کرد: "دواتر ناتانیاهۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەرزاییەکانی جۆلان بەشێکی دانەبڕاون لە ئیسرائیل، بەڵام ئێستا بە تەواوی تێ ناگەین کام بەش لە بەرزاییەکانی جۆلان بە بەشێکی دانەبڕاو لە ئیسرائیل دەزانێت،؟ کە لە هەمان کاتدا ناوچەی پارێزبەندی پێشێل دەکات." 

نوێنەری هەمیشەیی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کردەوە "ئەم جۆرە لێدوانانە پێویستیان بە ڕوونکردنەوە هەیە، بە تایبەت لە پاشخانی زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا."

دووشەممە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند "بەرزاییەکانی جۆلان بۆ هەمیشە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە ئیسرائیل دەمێنێتەوە."  ڕاشیگەیاند "ئەمڕۆ هەمووان درک بە گرنگیی وبایەخی ئێمە لە کۆنترۆڵکردنی دەکەن."

نەتانیاهۆ گوتیشی: "دوێنێ لاپەڕەیەکی نوێم لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردەوە، ئیسرائیل هەرگیز لە جۆلان ناکشێتەوە."

ڕۆژی یەکشەممە، دوای ئەوەی هێزەکانی ڕژێمی ئەسەد شوێنی سەربازیی سووریایان جێهێشت، سوپای ئیسرائیل چەند کیلۆمەترێکی چووە ناو خاکی سووریا، بەگوێرەی ئەوەی ڕۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە، ئیسرائیل جۆلانی سووریای کۆنترۆڵ کرد.

دیمیتری گندێلمان، ڕاوێژکاری نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، هێزەکانی ئیسرائیل پێگەیەکی ئەمنیی لە دەرەوەی ناوچەی دابڕان لە دیوی سووریای چیای حەرمون دادەمەزرێنن.

ئەڤیغای ئەدرەعیی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل چەند وێنەیەکی بڵاوکردەوە، بە گوتەی خۆی هیزەکانی ئیسرائیل لەسەر جەبەل ئەلشێخن کە دەکەوێتە ناو سنووری سووریا.