بەرپرسی هەواڵگریی ڕووسیا: سووریا دەوڵەتێکی فرەئایین و فرە پێکهاتەیە، مامەڵەکردن لەگەڵیدا قورسە

بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی ڕووسیا داهاتووی سووریا دەبەستێتەوە بە ڕێککەوتنی گرووپە چەکدارەکانەوە.
لە لێدوانێکدا بۆ مێدیای وڵاتەکەی، سێرگی ناریشکین، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی ڕووسیا ڕایگەیاند "دۆخی سووریای دوای ئەسەد قورس و پڕ ئاڵنگارییە، بەڕێوەبردنی وڵات پەیوەستە بەوەی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن تاچەند لەگەڵ یەکتر هەماهەنگی دەکەن."
بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی ڕووسیا لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "سووریا دەوڵەتێکی فرەئایین و فرە پێکهاتەیە، هەربۆیە مامەڵەکردن لەگەڵیدا قورسە، ئەوەش پەیوەستە بەوەی گرووپەکان دەتوانن تێگەیشتنی هاوبەش لەنێو خۆیاندا بهێننە کایەوە یاخود نا؟"

بەرەبەیانی یەکشەممە، بەشار ئەسەد بە فڕۆکە وڵاتەکەی جێهێشتووە، زانیاریی هەڵاتنی بەشار ئەسەد لەلایەن ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاو کراوەتەوە کە ئەسەد بە فڕۆکە هەڵاتووە و دیمەشقی جێهێشتووە.