سوپای ئیسرائیل 30 کیلۆمەتر لە دیمەشقەوە دوورە

مێدیا عیبرییەکان بەرەبەیانی ئه‌مڕۆ سێشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڕایانگەیاند، تانکەکانی ئیسرائیل گه‌یشتوونه‌ته‌ ده‌وروبه‌رى لادێکانی دیمه‌شق، هەروەها  ئاژانسی ڕۆیته‌رز له‌ هه‌واڵێكی به‌په‌له‌دا، ئاشكرای كرد، تانکەکانی ئیسرائیل ته‌نها 25 كیلۆمه‌تریان ماوه‌ بگه‌نه‌ ناو پایته‌خه‌تى سووریا.

بەگوێرەی ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل، هێرشەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی ئەمنیی لە نزیک دیمەشق، نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە پایتەختەوە دوورە، چڕ بوونەتەوە.

ڕۆیته‌رزیش له‌ هه‌واڵێكیدا ڕایگه‌یاند "تانكه‌كانى ئیسرائیل ته‌نها 25 كیلۆمه‌تر له‌ دیمه‌شق دوورن"

لە جووڵەیەکی مەیدانی بەرفراواندا، هێزەکانی ئیسرائیل کۆنترۆڵی تەواویان بەسەر جبل الشیخ و ناوچەی قونەیتەرەدا کرد و بەمەش کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر بەرزاییەکانی جۆلان بەهێزتر کرد.

بەپێی هەواڵەکانی ئیسرائیل، هێزەکانی ئیسرائیل دەستیان بەسەر شوێنە ستراتیجییە سەربازییەکانی سووریادا گرتووە، بە ئامانجیان ڕێگریکردنە لە گواستنەوەی چەکی قورس و مووشەکی پێشکەوتوو بۆ گرووپە چەکدارەکان.

لای خۆیەوە، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕایگه‌یاند "هەڵمەتەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بە شێوەیەکی سەرەکی سەروەت و سامانی سەربازیی سوپای سووریایان بە ئامانج گرتووە."

ئاماژەی بەوەش دا، ئەو شوێنانەی هێرشیان کراوەتە سەر، هێزی سه‌ربازییان تێدا نه‌بووه‌.