لاهور جەنگی: مەترسییەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان زۆر جدین

لاهور  جەنگی،  سەرۆکی هاوپەیمانیی بەرەی گەل لە پەیامێکیدا سەبارەت بە پێشهاتە نوێکانی ناوچەکە و گۆڕانکارییەکانی سووریا  کەوتنی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات دەڵێت: مەترسییەکان بۆ سەر رۆژئاوا زۆر جدین.

سێشەممە 10ـی کانوونی یەکەمی 2024، لاهور  جەنگی، سەرۆکی هاوپەیمانیی بەرەی گەل، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بە سەردێری( بۆ مێژوو) بڵاوی کردووەتەوە و دەڵێت: مەترسییەکان بۆ سەر ڕۆژئاوا زۆر جدین، گەربێت و هەنگاوی بەپەلە نەنرێت، زۆری خاکی ڕۆژئاوا لە دەستی کورد دەردەهێنرێت.

دەشڵێت: کورد بەتەنهایە و خۆشی دوژمنی خۆیەتی.

ئەو قسانەی لاهور  جەنگی  لە کاتێکدا دێت کە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا چوونە نێو دیمەشقی پایتەخت و ڕژێمی سووریایان بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد ڕووخاند و کۆتاییان بە دەسەڵاتی حزبی بەعس هێنا، ئەو هێزانەش نیازیان هەیە بەرەو ناوچە کوردییەکانیش بچن و بیخەنە ژێر دەسەڵات و ڕکێفی خۆیانەوە، لەگەڵ ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و بەرەی تەحریر شام  لە سەرەتاوە باسیان لە دروستکردنی سووریای نوێ دەکرد کە هەمووان تێیدا بژین.