ئەسما ئەسەدی خاوەنی زیاد لە سێ ملیار دۆلار بووە پەنابەر
ئەسما ئەسەدی هاوسەری بەشار ئەسەدی سەرۆکی ڕووخاوی سووریا، خاوەنی زیاد لە سێ ملیار دۆلار و دەسەڵاتی ڕەها بووە بەسەر جومگەکانی ئابووری و بازرگانی سووریادا، بووە پەنابەرێکی وڵاتی ڕووسیا بەهۆی ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لەو وڵاتە.
تەنها بەهۆی پێگەکەی کە خانمی یەکەم و هاوسەری وڵات بوو، زۆربەی مامەڵە بازرگانییەکانی سووریای لە دەستدا بوو، خاوەنی هەژموونێکی لە ڕادەبەدەر بوو لە کەرتە جیاوازەکاندا، بەبێ ڕەزامەندی ئەو، هیچ مامەڵەیەکی گەورەی بازرگانی و تەنانەت خێرخوازیش نەدەکرا، ئەسما ئەسەد، هاوسەری بەشار ئەسەد، لە بەهێزترین ئافرەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ژیانی پەنابەری لە ڕووسیا، لەگەڵ بەشار ئەسەدی هاوسەری دوای ڕووخانی ڕژێمی سووریا بوونەتە پەنابەر لە ڕووسیا، دیاریش نییە دادگە نێودەوڵەتییەکان چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆسییەکانیان دەکەن.
ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمزی بەریتانی، ڕاپۆرتێکی تایبەتی لەبارەی ئەسما ئەسەد بڵاو کردووەتەوە و تیایدا نیشانی دەدات چۆن لەگەڵ کەسە نزیکەکانی دەستیان بەسەر کۆی جومگەکانی دەسەڵاتی سووریادا گرتووە.
فاینەنشاڵ تایمز نووسیوویەتی: ئەسما لە میدیاکانەوە خۆی وەکو دایکی سوورییەکان نیشان دەدا و یارمەتیی هەژارانی دەدا، بەڵام لە ڕاستیدا کۆنتڕۆڵی کۆی جومگە سەرەکییەکانی ئابووری سووریای کردبوو بە هاوکاری چەند کەسێکی نزیکی، ئەسما تەنها دەستی بەسەر ئەو هاوکارییە نێودەوڵەتییانەشدا دەگرت کە لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ سووریا دەهاتن.
فاینەنشاڵ تایمز تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی، ئەسما ئەسەد لە جێگەی بەشار ئەسەدی هاوسەری، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی ئابووری سووریای دەکرد، هەروەها بەرپرسی یەکەم بووە لە سپیکردنەوەی ملیاران دۆلار و بردنە دەرەوەی بۆ وڵاتانی دیکە لە سووریاوە.
ئەسما ئەسپی خۆی لە دەیان بواری ئابووری و بازرگانی سووریادا تاودابوو، لە بوارەکانی بانک، پیشەسازیی، پەیوەندییەکان و ئینتەرنێت کەسی یەکەم بوو، تا کۆمپانیاکانی نزیک لە ئەسما هەبووایە، هیچ تەندەرێک بە هیچ کۆمپانیایەکی دیکە نەدەدرا.
ئەسما ئەسەدی تەمەن 47 ساڵ، سامانەکەی بە زیاد لە سێ ملیار دۆلار دەخەملێندرا، ئەسما لەدایک بووی لەندەنە و زمانی ئینگلیزیەکەی باشترە لە عەرەبییەکەی، لەگەڵ بەشار ئەسەد 3 منداڵیان هەیە.
فاینەنشاڵ تایمز نووسیووتی: ئەسما ئەسەد بەم دواییانە 30 شوققەی لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا کڕیووە، ئەو شارەی ئەسما و خێزانەکەی بەهۆی ڕووخانی دەسەڵاتەکەیان سووریایان بەجێهێشت و بوونە پەنابەر تێیدا.