فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران: ڕووخانی ئەسەد ئێرانی لاواز نەکردووە
هێزەکانی ئێران لە سووریادا نەماون
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران پشتڕاستی کردەوە، کە ڕووخانی ئەسەد هیچ کاریگەرییەکی نابێت لەسەر وڵاتەکەی و لاوازیشی ناکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی کانوونی یەکەمی 2024، حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران، لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی وڵاتەکەی ڕایگەیاند: "دەمەوێت بۆ هەموو لایەکی ئاشکرا بکەم کە بە ڕووخانی ئەسەد، وڵاتەکەی ئێمە هەرگیز لاواز نابێت، هیچ ڕووداو و پێشهاتێک لە هێزی وڵاتەکەمان کەم ناکاتەوە".
هەر لە کۆبوونەوەکەدا پشتڕاستی کردەوە، کە هێزەکانی وڵاتەکەی لە سووریادا نەماون. هەروەها گوتی: تا دوا ساتەکانی پێش ڕووخانی ئەسەد، ڕاوێژکار و هێزە سەربازییەکانمان لە سووریا ئامادەبوون، بەڵام ئێستا هیچ هێزێکی ئێرانی لەوێ نییە.
ئەم لێدوانە دوای ئەوە هات کە سەرچاوە هەواڵییەکان باسیان لەوە کرد، کە تاران دیارترین ڕاوێژکار و فەرماندە سەربازییەکانی سوپای پاسداران پێشی ڕووخانی ئەسەد لە سووریا کشاندووەتەوە و هەروەها دیپلۆماتکارەکانیشی.
هەروەها ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوی کردووەتەوە، پێش کەوتنی دیمەشق، تاران ئەسەدی ئاگادار کردبووەوە ئەگەر مەیلی هاوکاری ناوبراویان هەبێت، ئەوا بە شێوازێکی زۆر سنووردار دەبێت.