ناتانیاهۆ: دەمانەوێت لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا پەیوەندیی دروست بکەین

بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل
بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: دەمانەوێت پەیوەندیی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا دروست بکەین.

سێشەممە 10ـی کانوونی یەکەمی 2024، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، گرتە ڤیدیۆیەکی پێگەی فەرمی خۆی لە(ئێکس) بڵاوی کردەوە و تێیدا دەڵێت: دەیانەوێت پەیوەندیی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا دروست بکەن، بەڵام ئەگەر ئەو دەسەڵاتە نوێیەی سووریا ڕێگە بدات ئێران جارێکی دیکە هەژموونی هەبێت لە سووریا، یاخوود ڕێگە بە گواستنەوەی چەکی ئێران بدات بۆ حزبولڵا، هەروەها ئەگەر هێرشمان بکاتە سەر، بەهێز وەڵامی دەدەینەوە، گوتیشی: ئەوەی بەسەر ڕژێمی پێشوودا هات لە سووریا، بەسەر ئەو دەسەڵاتەش دێت.

ناتانیاهۆ دەڵێت: هیچ مەبەستێکمان نییە دەست لە کاروباری ناوخۆی سووریا وەربدەین، بەڵام مەبەستی ئەوەمان هەیە هەرچی لە تواناماندا بێت بیکەین بۆ ئەوەی پارێزگاریی لە ئاسایشمان بکەین.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، لە ڕۆژی یەکشەممە، 08-12-2024 تاوەکوو ئەمڕۆ سێشەممە، 10-12-2024، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل 310 هێرشی ئاسمانییان کردووەتە پێگە سەربازییەکانی سوپای سووریا.