فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا سەردانی عێراق و سووریای کرد

فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق
فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق

فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا سەردانی عێراق و سووریای کرد، بەپێی ڕاگەیەندراوی (سێنتکۆم)، ئەو فەرماندەیە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لەو دوو وڵاتە، دووپاتییان لە بەردەوامیدان بە تێكشکاندنی داعش کردووەتەوە.

سێشەممە 10ـی کانوونی یەکەمی 2024، جەنەڕال مایکڵ ئێرک کۆرێلا، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا، سەردانی فەرماندە سەربازییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی ئەمەریکای لە تێکشکاندنی داعش و هێزەکانی سووریای دیموکراتی لە چەند بنکەیەکی سەربازیی لەنێو سووریادا کرد.

‏لە کۆبوونەوەدا لەگەڵ ئەو هێزانە، جەنەڕال مایکڵ ئێرک کۆرێلا، گفتوگۆی لەبارەی گۆڕانکارییە خێراکانی سووریا کرد لەگەڵ هەوڵە بەردەوامەکانی ڕێگریی کردن لە داعش بۆ ئەوەی دۆخەکە بە دەرفەت وەرنەگرێت، دووپاتیشی کردەوە، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا پێداگرە لە شکستپێهێنان بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش.

دوای سەردانەکەی بۆ سووریا، جەنەڕال مایکڵ ئێرک کۆرێلا، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا، سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەریقی یەکەم عەبدولئەمیر ڕەشید یارەلڵا و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان فەریق قەیس محەمەداوی کۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی فەرمی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا( سێنتکۆم)، لەو کۆبوونەوەیەدا، جەنەڕال مایکڵ ئێرک کۆرێلا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق گفتوگۆی هەماهەنگی دوولایەنەیان کردووە لەگەڵ ئاسایشی ناوچەکە و گۆڕانکارییە خێراکانی سووریا، هاوکات لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی تێکشکاندنی داعش دووپاتیان لە هاوبەشیی دوو لایەنەی نێوان هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانان کردووەتەوە. 

هەر لەو سەردانەدا بۆ عێراق، جەنەڕال مایکڵ ئێرک کۆرێلا، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا لەگەڵ لیوا کیڤن لیهی، فەرماندەی هێزی ئەرکە هاوبەشەکان و ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی پۆڵایین و تیمی تێکشکاندنی داعش لە عێراق و سووریا کۆبووەوە.

‏ جەنەڕال مایکڵ ئێرک کۆرێلا دووپاتی کردەوە، پابەندن بە شکستپێهێنانی داعش، گوتی: دەستبەرداری هاوپەیمانەکانمان نابین کە لەگەڵ سووریا دراوسێن، ئەوانیش عێراق، ئوردن، لوبنان و ئیسرائیلن.