ڕووسیا: بە سەلامەت بەشار ئەسەدمان گواستەوە

سێرگی ڕیابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی هەڵاتووی سووریای بەشێوەیەکی سەلامەت گواستەوە بۆ ڕووسیا، دوای ئەوەی لە هێرشێکی خێرا لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەستی پێ کرد و ڕووخێنرا.

ڕۆژی دووشەممە کرملین ڕایگەیاند، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا بڕیاری پێدانی مافی پەنابەری بە ئەسەد لە ڕووسیا داوە.

ڕیابکۆڤ بە کەناڵی ئێن بی سی-ی ڕاگەیاندووە "ئەو سەلامەتە و ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ڕووسیا وەکو پێویست مامەڵە دەکات لەم جۆرە دۆخانەدا".

هەروەها ریابکۆڤ ڕوونی نەکردەوە چی ڕوویدا و چۆن کێشەکە چارە کراوە.

لە پرسیارێکدا ئایا مۆسکۆ ئەسەد ڕادەست دەکات بۆ ئەوەی دادگایی بکرێت، ڕیابکۆڤ گوتی، "ڕووسیا لایەنێک نییە لەو ڕێککەوتنامەی کە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لەسەری دامەزراوە".