هەرێمی کوردستان دەبێتە ئەندامی هاوپەیمانییەتی هاوبەشی چیاکان
ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی چیاکانە، لەم ڕۆژەدا هەرێمی کوردستانیش ئەندامێتی فەرمی خۆی لە هاوبەشی چیاکان ڕاگەیاند، کە هاوپەیمانییەکی نەتەوە یەکگرتووەکانە و تایبەتە بە باشترکردنی ژیانی کۆمەڵگە شاخاوییەکان .
چوارشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2024، لە بەیاننامەیەکی یەکەی گۆڕانی کەشوهەوا نووسینگەی سەرۆک وەزیران لە هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، ڕۆژی جیهانیی چیاکانە، هەرێمی کوردستان بە شانازییەوە ئەندامێتی فەرمی خۆی لە هاوبەشی چیاکان ڕادەگەیەنێت، کە هاوپەیمانییەکی نەتەوە یەکگرتووەکانە و تایبەتە بە باشترکردنی ژیانی کۆمەڵگە شاخاوییەکان و پاراستنی ژینگەی چیاکان لەسەر ئاستی جیهان.
هەرێمی کوردستان بە پەیوەست بوون بەم هاوپەیمانییەوە، بەشدار دەبێت لەگەڵ هەوڵە جیهانییەکان بۆ بەهێزکردنی کۆمەڵگا شاخنشینەکان لە ڕێگەی گەشەپێدانی بەردەوام، زیادکردنی وەبەرهێنانی کەرتی گشتیی و تایبەت، و ستراتیجیی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکانی کەشوهەوا و هەمەجۆری زیندەوەر.
ئەم پابەندبوونە خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی و ئابووری دانیشتوانی چیاکان مسۆگەر دەکات، لەگەڵ پاراستن بەردەوامبوونی ئیکۆسیستەم و سەرچاوەکان بۆ بەرژەوەندیی مرۆڤ و هەسارەی زەوی.
ئەم دەسپێشخەرییە کە لەساڵی 2002 دامەزراوە، هاوپەیمانییەکی خۆبەخشانەی حکوومەت و ڕێکخراوەکانە کە پێکەوە کاردەکەن بۆ گەشەپێدانی بەردەوامی چیاکان. لە ڕێگەی تۆڕێکی جیهانی شارەزایان و سەرچاوەی جیاوازەوە، دەستپێشخەری بەرجەستە دەکات بۆ چارەسەری ئاستەنگە ژینگەییەکان، بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان و ئیکۆسیستەمی بەردەوام لە ناوچە شاخاوییەکان لە سەرانسەری جیهان.
بەیان سامی عەبدولڕەحمان، ڕاوێژکاری باڵای مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوەو گۆڕانی کەشوهەوا گوتی: چیاکانی هەرێمی کوردستان بەشێکی دانەبڕاون لەناسنامەو کلتورو کەلەپورمان. پەناگە بوون و سەرچاوەی ئاون. گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشە لە کۆمەڵگە چیانشینەکان دەکات و هەمەجۆریی زیندەوەر دەخاتە مەترسییەوە. بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی چیاکان، کار دەکەین بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە کۆمەڵگای چیاکان دەتوانن خۆ بگونجێنن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و بە بەردەوامیی بژین.
هەروەها بەیان سامی عەبدولڕەحمان، داوای لەزانکۆکان کرد توێژینەوەی ئاست بەرز بەرهەم بهێنن دەربارەی کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ئیکۆسیستمی چیاکان.
هەرێمی کوردستان پاش ئەوەی لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ پەیوەندی بەم هاوپەیمانییەوە کرد، کەیسی چیاکان و ڕۆڵی گرنگیان بۆ هەمەجۆری زیندەوەر، ئاو، و سەرچاوە دارستانییەکان بەجیهانی دەرەوە گەیاندووە. لە کۆنفرانسی COP29 لە ئازەربایجان، شاندی هەرێم بەشداریی لە گفتوگۆو پانێڵی جیاوازدا کرد لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەم بابەتەوە، لەوانەش دەستپێشخەری نێودەوڵەتی کەشوهەوای کرایۆسفیەر (ICCI) کە تێیدا گفتوگۆ کرا لەسەر گرنگی سەهۆڵ و شەختەو بەفری سەر چیاکان هەروەها چارە کردنی کاریگەرییە بەردەوامەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەریان، جەخت کرایەوە لەسەر جێبەجێکردنی ئامانجی ڕێککەوتننامەی پاریس بۆ ڕاگرتنی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە 1.5 پلەی سەدی.
هەروەها لەچەند پانەڵێکی تایبەت بە چیاکان و بایەخیان بۆ ژیانی گوندنشینان و دارستان و کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەریان لە پاڤیلیۆنی عێراق، پسپۆڕانی ناو شاندی هەرێم تیشکیان خستە سەر ئەو بابەتەو بەپێویستیان زانی هاوکارییان بکرێت تاوەکو دانیشتوانی چیاکان و شێوەژیانیان لەگەڵ سامانی ئاژەڵ و کشتوکاڵیان نەبنە قوربانی ئەو گۆڕانکارییانە.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهان چیاکان لە قەیراندان، شەختە بەفری چیاکان دەتوێنەوە، ئەمەش رێژەی ئاو لەڕووبارەکان دەخاتە مەترسییەوە و ئەو سەختییانەی کۆمەڵگە شاخاوییەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە چڕتر دەکاتەوە، بەزۆری لەوکۆمەڵگانەی زیاتر هەڕەشیان لەسەرە. لەهەمان کاتدا زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی سەرچاوەکانی چیاکان، پیسبوون و تێکچوونی زەوی مەترسییەکان بۆ مرۆڤ و هەسارەکەمان گەورەتر دەکەن.
لە هەرێمی کوردستان کۆمەڵگە چیانشینەکان نەهامەتی چەندین ساڵ ململانێ و جەنگیان چەشتووە و ئێستاش ڕووبەڕووی کاریگەرییە سەختەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەبنەوە. چارەسەرکردنی ئەم ئاستەنگانە پێویستی بە چارەسەری داهێنەرانە هەیە، وەک کشتوکاڵی زیرەک و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا بۆ بنیاتنانی خۆڕاگری و بەردەوامیی.
ئەمساڵ ڕۆژی جیهانی چیاکان تیشک دەخاتە سەر بایەخی داهێنان، گونجاندن و بەشداریکردنی گەنجان لە بنیاتنانی داهاتوویەکی بەردەوام بۆ کۆمەڵگە شاخاوییەکان. نەتەوە یەکگرتووەکان بە داننان بە دانیشتوانی ناوازەو خۆڕاگری چیاکان، جەخت لەسەر چارەسەرێک دەکاتەوە کە هەژاری کەم بکاتەوە، لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و گەڕاندنەوەی هەمەجۆریی زیندەوەر.
بەشداری گەنجان پایەیەکی گرنگی ئەم هەوڵەیە. بە دەرفەتی کاری شایستە، ڕاهێنان، و کارگێڕی بۆ گەنجان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئامانجیەتی بەردەوامیی درێژخایەنی ناوچە شاخاوییەکان مسۆگەر بکات.
چیاکان شوێنی ژیانی 15%ی دانیشتوانی و نیوەی کۆی هەمەجۆری زیندەوەری جیهانن، لە هەمان کاتدا ئاوی خواردنەوە بۆ زیاتر لە نیوەی مرۆڤایەتی دابین دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەڕووی هەڕەشەی بێ وێنە دەبنەوە. هەرێمی کوردستان داوا لە لایەنە پەیوەندیدارە جیهانییەکان دەکات کە هاوکارییەکان بەهێزتر بکەن و وەبەرهێنان لە گەشەپێدانی بەردەوامی ناوچە شاخاوییەکاندا بکەن.