خامنەیی: ئەمەریکا و ئیسرائیل پلاندانەری پێشهاتەکانی سووریان

خامنەیی: وڵاتێکی دراوسێش ڕۆڵێکی ئاشکرای لە پێشهاتەکانی سووریای هەیە

عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ: پلاندانەرانی سەرەکیی پێشهاتەکانی سووریا، ئەمەریکا و ئیسرائیلن و حکوومەتێکی دراوسێی سووریاش ڕۆڵێکی ئاشکرای هەبووە و هەیە.

خامنەیی ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی کانوونی یەکەمی 2024، لە وتارێکدا بۆ کۆبوونەوەیەکی فراوانی چین و توێژە جیاوازەکانی وڵاتەکەی گوتی: ئەوەی لە سووریا ڕوویداوە، بەرهەمی پلانگێڕییەکی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیلە.

گوتیشی: ڕوون و ئاشکرایە وڵاتێکی دراوسێی سووریا ڕۆڵێکی ئاشکرای هەبووە و بەردەوامیشە، بەڵام ڕۆڵی سەرەکی و پلانداڕێژەرانی پێشهاتەکان لەلایەن هەر یەک لە ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە جێبەجێکراوە، بۆ ئەمەش بەڵگەی حاشا هەڵنەگرمان هەیە.

ڕێبەری باڵای ئێران دەڵێ: پێتان دەڵێم بە پشتیوانی خوا، مقاوەمە زیاتر و بەهێزتر لە جاران هەموو ناوچەکە دەگرێتەوە، چونکە تاوەکوو فشارەکان لەسەر بەرەی مقاوە زیاتر بێت، ئەوە بەهێزتر و فراوانتر دەبێت، بەڵام هەندێک لە شرۆڤەکارانی بێ ئاگا کە لە مانای مقاوەمە تێ نەگەیشتوون، وا دەزانن، ئەگەر مقاوەمە لاواز بێت، ئێرانیش لاواز دەبێت، بەڵام پێتان ڕادەگەیەنم پشتیوان بە خودا، ئێران بەهێز و خۆڕاگرە و خۆڕاگرتریش دەبێت.