وەزیری پێشووی بەرگریی کۆریای باشوور هەوڵی خۆکوشتنی دا

پۆلیسی کۆریای باشوور ڕایگەیاند، شانەی لێکۆڵینەوەی تایبەت گەڕانێکیان لە ئۆفیسی یۆن سیۆک یول، سەرۆکی کۆریا کردووە، ئەوەش دوای هەوڵی سەپاندنی یاسای سەربازی لەو وڵاتە. 

پۆلیسی کۆریای باشوور لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، تیمی لێکۆڵینەوەی تایبەت گەڕانێکیان لە ئۆفیسی سەرۆکایەتی، دەزگای پۆلیسی نیشتمانی، دەزگای پۆلیسی شارەکان و بەشی ئاسایشی ئەنجوومەنیی نیشتمانی کردووە.

پشکنینەکە لە کاتێکدا دەکرێت، دامەزراوە سەرەکییەکان یاسای وڵاتەکەیان جێبەجێ کردبێت و دڵنیا بووبن لەوەی ئایا یۆن و دەوروبەرەکەی بەشدارن لە سەپاندنی یاسای سەربازیدا؟ یان یاخیبوون؟

لای خۆیەوە بەرپرسێک لە کۆریای باشوور ڕایگەیاند، کیم یۆنگ هیون، وەزیری پێشووی بەرگریی، لە گرتووخانەیەکی سیئۆل هەوڵی خۆکوشتنی داوە، بەهۆی ئەوەی بە تۆمەتی یاخیبوون دەستبەسەر بووە.

شین یۆنگ هی، کۆمیساری گشتیی چاکسازی کۆریا لە میانی دانیشتنی پەرلەمانی کۆریا بە پەرلەمانتارانی ڕاگەیاند، دوای هەوڵی خۆکوشتنەکەی، کیم یۆنگ، تەندروستیی جێگیرە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ دەستگیرکردنی فەرمی کیم، پێشبینی دەکرێت بە خێرایی لێکۆڵینەوەی داواکاری گشتیی بە تۆمەتی یاخیبوون لە دژی سەرۆکی وڵات خێرا بکرێت.

بەپێی یاسای کۆریا، سەرۆکی وڵات تا ئەو کاتەی لە پۆستەکەیدایە لێپێچینەوەی لەگەڵدا ناکرێت، تەنیا ئەو کاتە نەبێت ئەگەر لە "کەیسی یاخیبوون" تێوەگلابێت.