مەزارگەکەی حافز ئەسەد سووتێنرا
گرتە ڤیدیۆی سووتاندنی گۆڕ و مەزارگەکەی حافز ئەسەد، سەرۆکی پێشووتری سووریا لە پارێزگای لازقییەی باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە، لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، تۆڕە کۆمەڵاتییەکانی تەنیوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ڤیدیۆی سووتاندنی گۆڕەکەی حافز ئەسەد و باسیلی کوڕی کە لە گۆڕستانێکی تایبەتی زێدی خۆیان بەخاک سپێراون، لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی ڕووخێنەری ڕژێمی سووریا سووتێندران.
ئەمەش لە کاتێکدایە، شاندێکی ئۆپۆزیسیۆن، دووشەممە 9ی ئەم مانگە لە ناوچەی قەرداحە، زێدی بەشار ئەسەد سەرۆکی هەڵاتووی سووریا، لەگەڵ سەرۆک عەشیرەت و تیرەکانی عەلەوی کۆبوونەوە و دڵنیاییان بە عەلەوییەکاندا، بەر لە گەیشتنی شاندەکەی ئۆپۆزیسیۆن، خەڵکی ناوچەکە پەیکەری حافز ئەسەد، سەرۆکی سووریایان تێکشکاند.
بەرەبەیانی یەکشەممە، هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دوای کۆنترۆڵکردنی دیمەشقی پایتەخت، ڕووخانی ڕژێمی سووریایان ڕاگەیاند و ئێوارەی هەمان ڕۆژیش هەردوو ئاژانسی هەواڵی فەرمی ڕووسیا، ڕیا نۆڤۆستی و تاس، گەیشتنی بەشار ئەسەد و ئەندامانی خێزانەکەیان بۆ مۆسکۆ ئاشکرا کرد، کە لەلایەن حکوومەتی ڕووسیاوە بە هۆکاری مرۆیی مافی مانەوە و پەنابەرێتیان پێ دراوە.