ئیدمۆند غەریب: دۆزی کورد لە سووریا ئالەنگاریی گەورەی بۆ دروست دەبێت

بیرمەند و مامۆستایەکی زانکۆی جۆرج واشنتن پێی وایە، دۆزی کورد لە سووریا ئالەنگاریی گەورەی بۆ دروست دەبێت، گوتی: ئەوەی لە سووریا ڕوویدا وەک بوومەلەرزە وابوو بۆ ناوچەکە.

چوارشەممە 11ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئیدمۆند غەریب، بیرمەند و مامۆستای زانکۆی جۆرج واشنتن لە باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەمەد پێشکەشی دەکات، ئاماژەی بەوە کرد، دۆزی کورد لە سووریا ئالەنگاریی گەورەی لەبەردەم دروست دەبێت، گوتیشی: ئەگەر لەدوا پێشهاتەکانی سووریا بڕوانین، ئەو پێشهاتانەی سووریا وەک بوومەلەرزە وابوون بۆ ناوچەکە، کەس نەیدەزانی بارودۆخەکە بەو شێوەی لێدێت.

ئەو بیرمەندە پێی وایە، تورکیا لە پێشەوەی هەمووان سوودی لە گۆڕانکارییەکانی سووریا بینیووە، دواتر ئەمەریکا و ئیسرائیل، لەگەڵ بەرەی تەحریر شام کە زۆرترین سوودی بینیووە لە بارودۆخە نوێکە، بەڵام دۆڕاوەکان ئێران دەبێت وەک لایەنێکی سەرەکی،  لەگەڵ حزبولڵای لوبنانی، ڕووسیاش بەڕادەیەکی زۆر، ڕەنگە کوردەکانیش بچنە ئەو چوارچێوەیە، دەشڵێت: هەڵوێستی لایەنەکان لە داهاتوو ڕوون دەبنەوە.

ئیدمۆند غەریب دەشڵێت: ئەو دۆزەی لە سووریا هاتووەتە پێش، دەبێتە دەرفەتێک بۆ کورد و دۆزەکەی لەو وڵاتە، لەگەڵ ئەوەی تورکیا، کورد لە سووریا بە مەترسی بۆ خۆی دەزانێت.

ئیدمۆند لەبارەی داهاتووی ڕۆژئاوای کوردستان دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و هاتنە دەسەڵاتی بەرەی تەحریر و شام تیشکی خستە سەر ئەوەی، مانەوەی ڕۆژئاوای کوردستان دەوەستێتە سەر ئەو فشارەی دەخرێتە سەر دەسەڵاتی نوێی سووریا، هاوکات گۆڕانکاریی لە هەڵوێستی ئەو حکوومەتە نوێیەی سووریا بۆ داننان بە مافی پێکهاتەکان بە یەکسانی، ئەگەر ئەوە نەکرێت ململانێکان بەردەوام دەبن و دەستووەردانی دەرەکیش زیاد دەبێت.