ئەمەریکا: پابەندین بە پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراق
سوودانی جەخت لە گرنگیی ڕێزگرتن لە ئیرادەی گەلی سووریا دەکاتەوە و ئەمەریکاش پابەندیی خۆی بە پاراستنی سەروەریی عێراق دووپات دەکاتەوە.
چوارشەممە 11ـی کانوونی یەکەمی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ، جۆن باس، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری سیاسی و باربرا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبووەوە و تاتوێی دۆخی سووریا و هەماهەنگی نێوانیانی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە گرنگیی هەماهەنگیی هاوبەش پەیوەست بە دۆخی سووریا و گرنگیی بوونی قۆناغێکی گشتگریی ڕاگوزەر کرا، کە بە شێوەیەک مافی هەموو پێکهاتەکان لە پێناو سەقامگیریی ناوخۆیی سووریا پارێزراو بێت.
سوودانی جەختی لەوە کردەوە، عێراق، ڕۆڵی خۆی لە بەستنی پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتان بۆ ڕاوێژکردن سەبارەت بە دۆخی سووریا دەگێڕێت و گرنگە ڕێز لە ئیرادەی گەلی سووریا لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بگیرێت.
هاوکات بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری سیاسیی، جەختی کردەوە، عێراق هاوبەشێکی سەرەکی ناوچەکەیە و هاپەیمانی نێودەوڵەتیی پابەندیی پاراستنی ئاسایش و سەروەریی عێراقە بەرانبەر هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی.